کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی ١٥ی ڕێکخراوی مافی مرۆیی بۆ ڕزگاریی سێ بەندکراوی سیاسیی عەرەب

17:43 - 24 پووشپەڕ 2725

١٥ ڕێکخراو و ناوەندی مافی مرۆیی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە مەەترسیی لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی عەرەبی ئەهوازی نیگەرانیان دەربڕیوە و خوازیاری هەوڵی خێرای کۆمەڵگەی جیهانی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بوون کە گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی لەسێدارەدانی ئەو سێ بەندکراوە ڕابگرێت.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سێ زیندانیی سیاسیی عەرەب بە ناوەکانی عەلی مەجدەم، موعین خەنفەری و محەممەدڕەزا موقەدەم، کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لە ٥ی پووشپەڕەوە بۆ زیندانی تاکەکەسی گواستراونەتەوە و مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. ئەم کەسانە بە تۆمەتی "بەغی" لە مەترسی لەسێدارەداندان.

ئەوە لەحاڵێکدایە ئیدعای جیددیی پێشێلکردنی گەورەی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە لە دۆسییەکانیاندا باس کراوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ''ئێمە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ واژۆکەری ئەم بەیاننامەیە، زیادبوونی ترسناکی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ئێران بەتوندی مەحکووم دەکەین و سەبارەت بە کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییە هۆشداری دەدەین.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئێران یەکێک لە بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا هەیە و زۆرجار سزاکە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و دانپێدانانێک کە لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر ئەنجام دەدرێت. قوربانییانی ئێعدام لە ئێران تەنیا ئەو کەسانە نەبوون کە بە تاوانی گەورە تۆمەتبار کراون، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا ناڕازییانی سیاسی، کەمایەتییە مەزهەبی و نەتەوەییەکان و ئەو کەسانە بوون کە لە کاتی تاوانەکەدا تەمەنیان لەژێر تەمەنی زۆرینەدا بووە.

ئەو ١٥ ڕێکخراوە ماوفی مرۆییە وتوویانە: ''ئێمە پێمان وایە سزای لەسێدارەدان بەتایبەت لە سیستمێکدا کە شەفافیەت و سەربەخۆیی قەزایی و مێکانیزمی چاودێری دێموکراتیکی تێدا نییە، نەک هەر ئامرازێک نییە بۆ دادپەروەری، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردن و تۆقاندن و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە.''

لە کۆتاییدا هاتووە: ''ئێمە داوای کردەوەی بەپەلە لە ایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و دەوڵەتان دەکەین کە گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی دەستبەجێ لەسێدارەدانی ئەو سێ چالاکە ئەهوازییە ڕابگرێت و هەروەها هەموو ئەو حوکمە لەسێدارەدانانەی کە لە دژی چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنی لە ئێران دەرکراون هەڵبوەشێننەوە.''