
تاڵان و داگیرکاری
ڕەحیم نزهت زادە
هەواڵێکی شۆکهێنەر، کە لە ماوەی ڕابردوودا، لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، جارێکی دیکە ڕەهەندە تاریکەکانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی، لە ناوچە کوردستانییەکانی ئەو وڵاتە ئاشکرا کرد. بەپێی ئەم ڕاپۆرته، ڕێژیمی دەسەڵاتدار له ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سیستماتیک، کانە زێڕەکانی، کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی باژێرڤانی سەقز هەڵکەوتوە، بە تاڵانیان بردوە، ئەوەش بەبێ هیچ سوود و قازانجێک، بۆ دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو ناوچەكان. ئەم پرۆسەیە نەک هەر بووەتە هۆی تێکدانی ژینگە و ژێرخانی سروشتی ناوچەکە، بەڵکوو هاوتاش بووە لە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە گشتییەکان و، لە گەڵ ئەوەشدا روخسارێكی ئەمنی زۆر جددی بەخۆوە وەرگرتوە.
ئابووریی بەتاڵانبردن و کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی
دیاردەی دەرھێنانی ناڕێکخراوی سامانە سروشتییەکان، لە لایەن قەوارەکانی سەر بە سپای پاسداران و کۆمپلێکسە ئابوورییەکانی ژێر کۆنترۆڵی سەرکردایەتی ئەو ڕێكخراوەیەی "ڕێبەر" ساڵانێکە لە ئێران بەردەوامە. ناوچە کوردنشینەکان، بە تایبەت پارێزگای کوردستان و ناوچەکانی سەقز، بوکان، سەردەشت، مەریوان، بە هۆی هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیکییەوە، بە پەراوێزخراوترین ناوچەكانی ئێران دێنە هەژمار. ڕژیم نەك ئەم ناوچانە، وەک بەشێک لە یەک وەڵات، کە شایەنی گەشەسەندنی هاوسەنگ بن، بەڵکوو وەک کۆلۆنیەکانی نێوخۆ دەیبێنێت، کە تا دەتواندرێت، سەرچاوەکانیان بە تەواوی ئیستغلال و خەڵکەکەیان سەرکوت بکات.
کانگاکانی زێڕی "قولقوڵە"، "میرگێ نەخشین" و "کەررویان" لە قەزای گەوركایەتیی سەقز، نموونەی ڕوونی ئەم سیاسەتە تاڵانکارییەن. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەرهێنانی زێڕ لە کانگای کەرەویان دەستی پێکردووە، و لە ساڵی ١٤٠٤دا ئۆپەراسیۆنی ئیستغلالکردن لە کانگای قولقولێ دەستی پێکردوە. لە کاتێکدا هیچ شەفافییەتێکی گشتی سەبارەت بە قازانجەکانی ئەم دەرهێنانانە نەخراوەتە بەرچاو، خەڵکی ناوچەکەش لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کراون، وەک بەشداریکردن لە بڕیاردان، وەرگرتنی قەرەبووی ژینگەیی، یان سودوەرگرتن لە دەرفەتەكانی دامەزراندن بێبەش كراون.
بەرخودانی مەدەنی و وەڵامدانەوەی سەربازی
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێژیم بە نیازی گواستنەوەی مەکینە و کەرەستەی قورس بۆ كانیی مێرگەنەخشینە بە چەند گونددا لەوانە: گۆێزێ، شێخ چۆپان، بوبەکتان، کوندەڵان. و قشلاخی وەنەوشە بووە. بەڵام خەڵکی ئەو گوندانە ئاگادار نەبوون. لە دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی ئەو جۆرە پڕۆژانە، ڕێگای تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکانیان گرت. ڕێژیم کە هەرگیز تەحەمولی بچووکترین دژایەتی نەکردوە، ڕێگایەکی بەدیلی لە گوندی وەزمەلە هەڵبژارد و هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک بە گازی فرمێسکڕێژ ڕەوانە كرد.
ڕۆژی ١٧ی پوشپەڕ، ناڕەزایەتییەکی جەماوەری دژ بە بوونی مەكینە و كەرەستەی قوڕس بۆ بە تاڵانبردنی كانەكانی زێڕ، خەڵكی بێ بەرگری، ڕووبەرووی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە. ژمارەیەک هاووڵاتی برینداربوون و هەندێکیشیان بەر لێدان و ئازاری توند كەوتوون. لە کاتێکدا ناسنامەی بریندارەکان لەلایەن سەرچاوەی هەواڵەکەوە پارێزراوە، دەتواندرێت بە دڵنیاییەوە دان بەوەدا بنێین و بڵێین كە سیاسەتی سەرکوتکردن، بەشێکی دانەبڕاوە لە هەر جۆرە بەرنامە و پلانێکی ئابووری لە ناوچە کوردستانییە بێبەشكراوەكاندا.
ژینگە: قوربانیی بێدەنگ
گەشەسەندنی کانگاکان لە ناوچە سروشتییە هەستیارەکاندا، وەک شاخەکانی دەوروبەری سەقز، لێکەوتەی درێژخایەن و هەندێکجاریش بەبێ توانای گەڕانەوەی لەسەر ئیکۆسیستەم هەیە. ئیستغلالکردن بەبێ هەڵسەنگاندنی ژینگەیی، لەنێوبردنی ڕووەک، پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو، گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەکان و لەدەستدانی لەوەڕگە بۆ مەڕدارە خوجێییەكان، بە تەنها هەندێک لەو زیانانەن کە رووبەڕووی دەبنەوە. چاوەدێری نەکردنی دامەزراوە سەربەخۆکانی ژینگەپارێزی لە ئێران و، بەستنی ڕێگا یاساییەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، ڕێگەی بە حکومەت داوە، کە بۆ هەر پرۆژەیەک بە قازانجی خۆی و هاوپەیمانەکانی، بە ئارامی بە ئەنجامی بگەیێنێت.
كۆتا ئاماژە
پرسی کانگاکانی زێڕی سەقز، لە سەروی پرسێکی نێوخۆیی یان ئابووری، ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی پڕ لە کەموکوڕی، هەڵاواردن و پاوانخوازانەی کۆماری ئیسلامییە. دەسەڵاتێک کە گەشەسەندن نەك لە چوارچێوەی دادپەروەری و بەشداریی گشتی، بەڵکوو وەک ئامرازێکی پێخۆر بە پێکهاتە گەندەڵەکانی دەسەڵات دەبێنێت. خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان کە دەیان ساڵە پەراوێزخراون، ئەمڕۆ جگە لە هەژاری، بێکاری و نادادپەروەری، دەبێت بارگرانییەکی دیکەش هەڵبگرن، کە پێی دەوترێت "ئیستغلالکردنی سامانە سروشتییەکان".
ئەوەی لە گەوركایەتی و گوندەکانی دەوروبەری دەگوزەرێت، تەنیا نموونەیەک لە سەدان تاوانە، کە سەرەڕای بێدەنگی میدیای دەوڵەتی ئێران و بێباکیی دامەزراوە چاودێری بەردەوامە. لەبەرامبەر دۆخێکی وادا ئەرکی ڕۆشنبیران، چالاکانی مەدەنی، میدیای سەربەخۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە: کە بەردەوام ئاشکراکردنی بەبەردەوام، فشار خستنە سەر دامەزراوە بەرپرسیارەکان و پشتیوانیکردنە لە بەرخۆدانی جەماوەری.