کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لەبابەت زیادبوونی لەسێدارەدانەکانی سیاسی

17:30 - 26 پووشپەڕ 2725

بەپێی کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدان بە خێراییەکی بێ وێنە وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، ترساندنی کەمینە نەتەوەییەکان و چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە دوای شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیل کەڵک وەردەگرێت.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، دادگاکانی کۆماری ئیسلامی، ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی سیاسی، بە شێوەیەکی سەرەکی لە کەمینە نەتەوەییەکانی کورد و عەرەب و هەروەها بەشێک لە بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، بە تۆمەتی ئەمنییەتی بە ئێعدام مەحکووم کردووە.

ئەو ناوەندە لە ڕاپۆرتەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم سزایانە لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا دەرکراون و ئەو دانپێدانانەی کە لە ژێر ئەشکەنجەدا بەدەست هاتوون جێگەی هەر بەڵگەیەکی ڕاستەقینەیان گرتووەتەوە.

بەهار قەندەهاری، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی "کەمپینی مافی مرۆڤی ئێران"، وتی: "ئەمانە دادگا نین، بەڵکوو نمایشێکە کە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ ڕێک دەخرێن".

ناوبراو دەڵێت: "شایەتی هەڵمەتێکی هەماهەنگی ڕێژیم بۆ ترساندنی پێکهاتەکانی کورد و عەرەبین، کەمینەکان کە دەیان ساڵە بوونەتە ئامانجی ئازار و سەرکوتکردن، لە زۆرێک ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکانی دژی ڕێژیم پێشەنگ بوونە کە داوای ئازادی و دادپەروەری و کەرامەت دەکەن".

ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆیی لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم شەپۆلە لەسێدارەدان دەبێ ببێتە داواکارییەکی جیهانی.

کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە بانگەوازەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێستا بە بیانووی ئەمنییەتی میللی، یەکێک لە شەڕانگێزترین هەڵمەتەکانی ئێعدام لە جیهاندا لە دژی ناڕازیانی ئاشتیخواز، نەیارانی سیاسی و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دەست پێکردووە".