کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی هەنگاو لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥

13:21 - 11 پووشپەڕ 2725

ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا باسی لە ڕەوتی نیگەرانیکەری پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ٦١٧ بەندکراو لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا جێبەجێ کراوە کە لانیکەم ٢٦ کەسیان بە هۆکاری سیاسی و عەقیدەتی وەکوو بەشاری لە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژینا یان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراون.

لە نێوان لەسێدارەدراواندا، ناوی ١٨ ژن، منداڵێک، ٩١ کەسی کورد، ٧٩ بەلووچ، ٧٦ لوڕ، ٦٥ تورک، ٢٦ی گیلەک، ١٤ عەرەب، ٢ سیستانی، ٢ تات و ٤٠ هاووڵاتیی ئەفغانستانی هەیە.

تەنیا ٦ لەسەدی ئەم سێدارەدانانە لە میدیا فەرمییەکانی ڕێژیمدا ڕاگەیەندراون و ٤١ حاڵەتیان بە نهێنی و بە بێ ئاخرین چاوپێکەوتن جێبەجێ کراون.

لە نیوەی یەکەمی ساڵدا، ٢٩ بەندکراو گیانیان لەدەست داوە کە هۆکاری مەرگی ٤ کەسیان ئەشکەنجە، ١٧ کەسیان دەسپێڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی، ٤ کەس خۆکوژی و ٣ کەس شەڕ و دەرگیری بووە.

لەم ماوەیەدا لانیکەم ٣٥ هاووڵاتی کە چەکداریش نەبوون و زۆرتر سەر بە کەمینە نەتەوەییەەکان بوون بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون. ٢٦ حاڵەتیان پێوەندیی بە کەمینەی بەلووچەوە هەیە و باقییەکە کورد، لوڕ، گیلەک و تورک بوون.

هەنگاو باسی لە دەسبەسەرکرانی ٨٢٢ هاووڵاتی لە نیوەی یەکەمی ساڵدا کردووە کە ٣٧٠ کورد، ١٧٠ بەلووچ، ٥٠ عەرەب، ٤٠ لوڕ، ٣٣ تورک و ١٢ گیلەک لەخۆ دەگرێ.

هەروەها ٢٢ منداڵ، ٧٣ ژن، ١٣ مامۆستا، ٨ خوێندکار و ١٠ چالاکی بواری میدیاش دەسبەسەر کراون.

لە نێوانیاندا، ١٠٢ کەس بە هۆکاری مەزهەبی کە پەیڕەوانی ئایینی سونە، بەهایەکان، نوێ ئایینە مەسیحییەکان، یارسانییەکان و یەمانییەکان لەخۆ دەگرێ دەسبەسەر کراون.

١٥٥ چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی لەم ماوەیەدا بە سزاکانی وەک سێدارە، قامچی و بەندکرانی درێژماوە سزا دراون، لەوانە پێنج کەسیان بە لەسێدارەدان و ١٥٠ کەسیان سەرجەم بە ٤٠١ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانی داسەپاو، ٢٠ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و ٤٤٦ قامچی سزا دراون.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە لە شەش مانگی ڕابردوودا، ٢٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنورییەکان پارێزگاکانی کرماشان، ورمێ و سنە کوژراون یان بریندار کراون کە زۆرینەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم کراونەتە ئامانج.

لانیکەم ١٧ هاووڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕ یان مینە چێندراوەکانی سپا کوژراون یان بریندار کراون کە زیاترینیان لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، سیستان و ورمێ تۆمار کراوە.

لە نیوەی یەکەمی ساڵدا کوژرانی ١٠٨ ژن بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەکانیان تۆمار کراوە کە زۆربەیان لە ئاکامی تونوتیژی خێزانی بە بێ دەستێوەردانی هێج ناوەندێکی یاسایی یان پشتیوانییەکی کۆمەڵایەتیی ماونەتەوە.

پارێزگاکانی تاران، کرماشان، خوراسانی ڕەزەوی، فارس، تەورێز و ورمێ زۆرترین ئاماریان هەبووە.