
لە دریژەی سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژی دژبەرانی خۆی، ڕاپۆرتێکی نوێی هەواڵدەریی "هێرانا" نیشانی دەدات کە لانیکەم ٥٦ بەندکراو بە تۆمەتی سیاسی یان ئەمنییەتی لە بەندیخانەکانی ئێراندا، لەگەڵ سزای سێدارە بەرەوڕوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆربەی ئەم بەندکراوانە بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی بە لەسێدارەدران سزا دراون و لە مافی دەستڕاگەیشتنی دادپەروەرانە بە پارێزەر و ڕوونبوونی ڕەوتی دادوەری بێبەری کراون.
هەروەها ژماەیەکی بەرچاو لەم بەندکراوانە وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانیان، لە ڕەوتێکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بە لەسێدارەدران سزا دراون و زۆربەیان لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراون و چاوەڕوانی جێبەجێکرانی سزای سێدارەن.
پارێزەرەکانی هەندێک لەم بەندکراوانە چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە بریگرتەکانیان لە ڕەوتی دادوەریی نادادپەروەرانە و بە بێ ڕەچاوکردنی ستانداردەکانی پێڕاگەیشتنی یاسایی بە لەسێدارەدران سزا دراون.
لقەکانی ١٥، ٢٦ و ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەرە ناوزڕاوەکانی وەک ئەبولقاسم سەڵەواتی، ئیمان ئەفشاری و محەممەدڕەزا عەمووزادە" زیاترین سزای سێدارەیان دژی ئەم بەندکراوە سیاسییانە دەر کردووە.
هەروەها دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ بە سەرۆکایەتیی "ڕەزا نەجەفزادە" زیاترین حوکمی سێدارەی دژی بەندکراوانی سیاسیی کورد دەر کردووە.
هێرانا ڕایگەیاندووە کە زۆربەی ئەم بەندکراوە سیاسی و ئەمنییەتییانە لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی "بەغی" و "موحاربە" بە سێدارە مەحکووم کراون.
لە نێوان ئەم بەندکراوە سیاسی ئەمنییەتییانەتدا کە بە سێدارە مەحکووم کراون، ناوی یازدە هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، وریشه مورادی، حاتەم ئوزدەمیر، مێحراب عەبدوڵڵازاده، یووسف ئەحمدی، سامان محەممەدی خیاره، ڕزگار بەیگزاده بابامیری، پژمان سوڵتانی، عەلی قاسمی، کاوه ساڵحی و تەیفوور سەلیمی بابامیری هاتووە.
هێرانا لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا، سزای سێدارەی لانیکەم ٩٣٠ کەس لە بەندیخانە جیاوازەکانی ڕێژیم لە سەرتاسەری ئێراندا جێبەجێ کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر، ٢٤.٦ لەسەد بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.