
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، باسی لە سەرکوتکارییەکان لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو لە کوردستاندا کردووە.
بەپێی ئاماری ئەم ئەنجومەنە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، ١٤١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیلیان داوەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە و ڕەوانەی گرتنگە بەناو ئەمنییەکانی ئیتلاعاتییان کردوون.
کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان وچارەنووسیان ناڕوونە.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە سەدان کەس لە سەرانسەری ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر کراون کە ئەمە نیگەرانیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی بەدواوە بووە.
جیا لەو ئامارانە بە دەیان کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کراون و لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە.
بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاویدا، ١٨ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای بە ئینقلاب و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای سێدارە و بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو سزادراوانە لە سەر یەک بە ١١ جار سزای سێدارە و ٢٢٠ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی داسەپاو مەحکووم کراون.
پێنج کەس لە دەسبەسەرکراوانی شوڕشی ژینا بە ناوەکانی: تەیفوور سەلیمی بابامیری یەک سێدارە و ١٥ ساڵ بەندکردن، ڕزگار بابامیری دوو جار سێدارە و ١٥ ساڵ بەندکردن، پژمان سوڵتانی سێ جار سێدارە و ١٥ ساڵ بەندکردن، سۆران قاسمی سێ جار سێدارە و ١٥ ساڵ بەندکردن، کاوە ساڵحی سێ جار سێدارە و ١٥ ساڵ بەندکردن، مەحکووم کراون.
هەروەها ٦ بەندکراوی سیاسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئیران لە سێدارە دراون کە سێ کەسیان هاونیشتمانیی کورد بوون.