
ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، کاک خەبات ئەمینی چالاکی ژینگەپارێز کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کێوی ئاویەری سنە تووشی سووتان ببوو، گیانی پێشکەشی نیشتمان کرد.
شەوی ڕابردوو، ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کاک چیاکۆ یووسفینژاد، وەرزشوانی خەڵکی سنە، یەکێکی دیکە لەو ژینگەپارێزانەی کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کێوی ئاویەردا بریندار ببوو، شەهید بوو.
شەوی ڕابردوو، خەڵکی شاری سنە و دەوروبەری بە کۆبوونەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە و بە وتنەوەی دروشمی شەهید نامرێ، هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی چیاکۆ یووسفینژاد دەربڕی.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ئاگرێکی بەرفراوان کێوی ئاویەر لە شاری سنەی گرتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی خۆبەخش و چالاکانی ژینگەپارێزی بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ڕوویان لە ئاویەر کرد.
گۆڕانی ئاراستەی با لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بووە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەک لە ژینگەپارێزەکان لەنێو ئاگردا گەمارۆ بدرێن و تووشی سووتانی جیددی بن.
ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم تەنیا لە کاتی ڕاگواستنی بریندارەکاندا، هاتوونەتە شوێنی ئاگرەکە و هیچ هەوڵێکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەداوە.
ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ، حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز و بەرپرسی ئەنجومەنی شنەی نەوژینی کوردستان بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا و هەمان ڕۆژ لە نێو ئاپۆڕای خەڵکدا و بە دروشمی شەهید نامرێ و داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی لە بەهەشتی محەممەدیی سنە بە خاک سپێردرا.
چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی، لە ڕۆژی ٢ی گەلاوێژەوە لە بەشی ئای سی یووی نەخۆشخانەی کەوسەر خەوێندرابوون و بەداخەوە لە مەودایەکی کەمدا و دوابەدوای یەک، گیانیان پیشکەشی نیشتمان کرد.