کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدانی ژینگە و پەیامی خەڵكی كوردستان بە داگیركەران

14:28 - 7 گەلاوێژ 2725

:شەهیدانی ژینگە و پەیامی خەڵكی كوردستان بە داگیركەران

(كوردستان گۆڕستانی فاشیستان)

ڕەحیم نزهت زادە

لەو ڕۆژانە كە ئاگر، نەک هەر بەتەنیا ژینگە، بەڵکو دڵی خەڵکی کوردستانیشی پڕ لە بڵێسە كردوە، دوو بەرگریکاری دیکەی ژینگەپارێز، كە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرە بە ئەنقەستەکانی چیاکانی ئاویەر، گیانی خۆیان لەدەست داوە: خەبات ئەمینی و چیاکۆ یوسف نژاد و لەگەڵ حەمید مورادی کە دوو ڕۆژ پێشتر گیانی لەدەستدا، چونە ناو ریزی شەهیدە ژینگەپارێزە نوێیەکانی کوردستان. بەڵام ئەم شەهیدبوونانە، بەتەنیا دەرئەنجامی کەمتەرخەمی یان ناکارامەیی نەبوون؛ بەڵكوو لە ناخی خۆیدا، هەڵگری پەیامێکی سیاسی و ئەمنیەتییە: ئەو ئاگرەی لە شاخەکانی کوردستان کەوتۆتەوە، جیاواز نیە لەو سووتاندنە سەربازییانەی، کە ساڵانێکە خاکی ئەم كوردستانەی، کردووەتە ئامانج.

ڕێوڕەسمێکی شایانی بەرخۆدانی مەدەنی

لە حاڵێکدا کە کۆماری ئیسلامی، بە کەڵکوەرگرتن لە هەڕەشە، توندوتیژی، تۆقاندن و پێشگرتن لە ڕێوڕەسمی گشتی، هەوڵی دەدا ڕێگری لە ناشتنی بەشکۆی ئەو شەهیدانە بکات، خەڵک بە خۆڕاگری و وریاییەوە، توانییان بەرخۆدان، بەرەو بەردی قیرتاوەکانی گۆڕستان و بناری شاخ پاڵ بنێن. تەنانەت هێزە ئەمنییەتییەکان پەنایان بۆ ئەوە برد، کە جارێکی دیکە گۆڕی چیاکۆ یوسف نەژاد پڕ بکەنەوە لە خۆڵ، بۆ ئەوەی نەهێڵن لە تەنیشت یەکێک لە شەهیدانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە خاک بسپێردرێت. بەڵام لە کۆتاییدا بنەماڵە و خەڵکی خۆڕاگر، توانییان تەرمی ئەم شەهیدە لە ئارامگەی حەسەن ئاوای شاری سنە، بە خاکی پیرۆزی كوردستان  بسپێرن.

هاوکات خەڵکی کورد لە سەرتاسەری ناوچەکە، بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ئەسپێردە كردنی تەرمی شەهید خەبات ئەمینی بە خاكی پیرۆزی كوردستان، ڕوویان لە گوندی نەنەڵە کرد. خەڵک بە دەستی بەتاڵ، بەڵام دڵی پڕ لە توڕەیی و دڵسۆزی، لە ماڵئاوایی شەهیدەکانیاندا بەشدار بوون، کە زۆر زیاتر لە مەراسیمی ناشتنێكی ئاسایایێ بوون: ئەو ڕێوڕەسمە، لێدوانی شەقامی كوردی و جەماوەری بوو، دژ بە داگیرکاری و توندوتیژی.

ئەو دروشمانەی کە ڕاستەوخۆ دەهاتنە قسە

لە میانەی ڕێوڕەسمە بەشكۆ و گەورەکاندا دروشمی گەل، نیشان لە قووڵایی توڕەیی، هۆشیاری و هاوپشتی کۆمەڵایەتی، دژ بە داگیرکەران بو. لەو دروشمە سەرەکیانەی کە بیستران بریتی بوون لە:

"داگیرکەری ئێرانی، تۆ بکوژی ڕۆڵەمانی"

"شەهید نامرن"

"كوردستان گۆڕستانی فاشیستان"

ئەم دروشمانە بەتەنیا دەربڕینی تووڕەیی و ئازار نەبوون، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕوونی بارودۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەرامبەر سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوو. خەڵکێك کە خۆیان  لەبەردەم پڕۆژەیەکی ئامانجداردا، بۆ بێدەنگکردنی ناسنامە، زمان، سروشت و لاوانی خۆیان دەبێننەوە، جگە لە بەرەنگاربوونەوە هیچ ڕێگەیەکی تر ناناسنەوە.

کارەساتی ژینگەیی یان تیرۆری سیستماتیک؟

زۆرێک لە چالاکوانان و چاودێرانی خۆجێی، ئاگرکەوتنەوە زۆرەکانی شاخ و دارستانەکانی کوردستان، بە ڕێکەوت نازانن. ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکان، لە دەستپێكردنی ئەم ئاگركەوتنەوانەدا، ئاماژە بە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی، هێزەکانی سەر بە دامەزراوە ئەمنییەکان دەکەن. ئامانج؟ تێکدانی ژینگەی سروشتی کوردستان، بەتاڵکردنەوەی ناوچە شاخاوییەکان لە خەڵکی ڕەسەن و لەناوبردنی ژێرخانی فەرهەنگی، بایۆلۆژی و بەرخۆدێر.

هاوکات چالاکانی ژینگەپارێزی کورد، کە خۆبەخشانە بۆ کوژاندنەوەی ئەو خۆبەخشانە لە پێشەوەن، نەک هەر قوربانی سوتان، بەڵکو ئامانجی ڕاستەوخۆی پرۆژەیەکی ئەمنیشن. شەهید بوونی خەبات، چیاکۆ و حەمید، بەتەنیا ڕووداوێک نییە؛ بەشێک لە پرۆسەیەکی بەردەوام، بۆ بێدەنگکردنی دەنگی سروشت و مرۆڤەکانە.

پەیامی ڕوونی گەل: تەسلیم نابین

سەرەڕای هەڕەشە ئاشكراكان، ڕێژەی زۆری بەشداریکردنێكی بوێرانە و بەشكۆ لە مەراسیمی ماڵئاوایی، بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ شکستی پڕۆژەی تۆقاندنی کۆماری ئیسلامیە. هەرچەندە خاکی کوردستان جارێکی تر تەرمی شەهیدانی لە باوەش گرت، بەڵام لە دڵی هەمان خاکەوە، هاوارێک سەری هەڵدا کە دەیگوت: "شەهید نامرن" و "کوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیستەکان".

ئەم دروشمانە، نەك بەتەنیا تووڕەیی ساتی، بەڵکو دەربڕینێکە لە شوناسێکی مێژوویی؛ ناسنامەیەک کە ساڵانێکە دژی کۆلۆنیالیزم، جیاکاری و ستەم وەستاوە، و بەردەوامیش دەوەستێتەوە.

بیرخستنەوە و بانگهێشتنامە

لە دونیایەکدا، کە زۆرجار کارەساتی ژینگەیی، لە پشت ئامار و داتاکانەوە دەشاردرێنەوە، کوردستان جارێکی دیکە نیشانی دا، کە ژینگە، ئازادی و خەباتی سیاسی سێ دیوی یەک حەقیقەتن. شەهیدبوونی خەبات ئەمینی، چیاکۆ یوسف نژاد و حەمید مورادی، زەنگێكی ئاگادار كردنەوەیە، نەک بەتەنیا بۆ ئێرانە، بەڵکو بۆ ویژدانی جیهانیشە.

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان، نەک هەر شەهیدەکانیان بە خاک ئەسپاردە كرد، بەڵکو بەڵێنێکی نوێیان، لەسەر خاک و خوێنی خۆیان دا: بەرخۆدان بەردەوامە.