
له درێژه‌ی بێبه‌شکردنی سیستماتیکی به‌ندکراوانی سیاسی له مافی پێڕاگه‌یشتنی پزیشکی له ئێران، رێگری لە ڕاگواستنی دوو به‌ندکراوی سیاسیی کورد له به‌ندیخانه‌کانی شنۆ و مه‌هاباد بۆ ناوه‌ندی ته‌ندروستی له‌لایه‌ن ناوه‌نده سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیمه‌وه کراوه.
"ڕه‌حمان تابش" به‌ندکراوی سیاسیی کورد و خه‌ڵکی شاری شنۆ، که له‌م دواییانه‌دا به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێکرانی سزای ١٦ مانگ به‌ندکرانی داسەپاو بۆ به‌ندیخانه‌ی ئه‌و شاره ڕاگوێزرابوو، له ڕۆژانی ڕابردوودا تووشی نه‌خۆشییه‌کی دژواری جه‌سته‌یی بووه.
به سه‌رنجدان به ڕاسپارده‌ی پزیشکی نێوخۆیی به‌ندیخانه به‌مه‌به‌ستی ڕاگواستنی خێرای بۆ نه‌خۆشخانه، ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم له شنۆ دژایه‌تیی خۆیان له‌و باره‌وه ده‌ربڕیوه و له ئیستادا ته‌نیا ده‌رمانێک که بۆ کۆنتڕۆڵی دۆخی دژواری جه‌سته‌یی ئه‌و به‌ندکراوه کورده به‌کار ده‌هێندرێت، ده‌رمانی هێورکه‌ره‌وه‌یە.
"ڕه‌حمان تابش" پێشتریش دوو دۆسییه‌ی یاسایی له ساڵی ١٣٩٩ و ١٤٠٣ بۆ کراوەتەوە و به گشتی زیاتر له ٥ ساڵ به‌ندکرانی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه.
له هه‌ر دوو دۆسییه‌دا، ناوبراو له مافی ده‌سپێڕاگه‌یشتن به پارێزه‌ر، چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه و که‌ره‌سته‌ی پزیشکی بێبه‌ری بووه و له دۆخی ئه‌منییه‌تیی دژوار‌دا لیپێچینه‌وه‌ی لێ کراوە و ده‌سبه‌سه‌ر کراوه.
هه‌روه‌ها "ئه‌شکان فه‌هیم" یه‌کێکی دیکه له به‌ندکراوانی سیاسیی کورد له به‌ندیخانه‌ی مه‌هاباد، له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیی دڵ، کزبوونی بینایی و سه‌رئێشه‌ی به‌رده‌وام و سه‌خت به‌ره‌وڕوویه.
پزیشکی به‌ندیخانه جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی چاوپێکه‌وتنی پزیشکی چاو به ناوبراو کردووه، به‌ڵام به‌رپرسانی پێوه‌ندیدار نه‌یانهێشتووه ئه‌و به‌ندکراوه سیاسییه کورده ببردرێته ناوه‌ندی ته‌ندروستیی ده‌ره‌وه‌ی به‌ندیخانه.
هه‌روه‌ها داواکاریی په‌یتاپه‌یتای ناوبراو بۆ موره‌خه‌سیی ده‌رمانی و ئازادیی مه‌رجداریش له‌لایه‌ن به‌رپرسانی به‌ندیخانه‌وه بێ وڵام ماوه‌ته‌وه.
"ئه‌شکان فه‌هیم" له مانگی سه‌رماوه‌زی ١٤٠٢دا له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە له مه‌هاباد به تۆمه‌تی هه‌وڵدان دژی ته‌ناهیی وڵات به دوو ساڵ و یه‌ک مانگی به‌ندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
ناوبراو له کاتی ده‌سبه‌سه‌رکرانیەوە له مانگی خه‌رمانانی هه‌مان ساڵ هه‌تا ئیستا له‌لایه‌ن ناوه‌نده سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیمه‌وه خراوه‌ته ژێر گوشاری زۆرەوە.