کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەو ٨٠ ساڵەی یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

13:38 - 9 گەلاوێژ 2725

بەرەو ٨٠ ساڵەی یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەمساڵ لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژدا، ٨٠ ساڵەی دامەزرانی خۆی جێژن دەگرێ.

٨٠ ساڵ لەمەوبەر، پێشەوا قازی محەممەد، لە سەر بناغەی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان" (ژ.ک) و بە ئامانجی ئامادەکردنی ڕێکخراوێکی سیاسیی وەڵامدەر بۆ  ڕێبەری و ڕێکخستنی خەباتی نەتەوەی کورد لە هەلومەرجی سیاسیی نوێی ناوچەکەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی دامەزراند.  ئەم حیزبە بە پێشەوایەتیی قازی محەممەد، کەمتر لە ٦ مانگ دوای پێکهاتنی، کۆماری کوردستان، یەکەم دەسەڵاتی نەتەوەیی مودێرنی کوردی لە چوارچرای شاری مەهاباد ڕاگەیاند و، شەخسی پێشەواش وەک سەرکۆماری کوردستان، قۆڵی لە ڕێبەریکردن و ئیدارەی کۆمار و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەو کۆمارە هەڵماڵی. ئەگەر دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە هەلومەرجی ئەو کات، بە شایەدیی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی لە سەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان، وەرچەرخان و نوختەگۆڕانێکی گرنگ لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا بوو، پێکهاتنی کۆماری کوردستانیش، ڕووداوێکی نەتەوەیی و سیاسیی ئەوەندە گەورە بوو کە سەرەڕای تەمەنی کورتی، شوێنەوارێکی قووڵی لە سەر خەمڵاندنی ناسیۆنالیزمی کورد و ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بەجێ هێشت.

٨٠ ساڵە خەباتی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕانەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی خاوەن ڕێژیمی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری ئێراندا، درێژەی هەیە. ٨٠ ساڵە حیزبی ئێمە، بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جەرگەی ناوچەیەکی گەمارۆدراو بە پیلان و گەلەکۆمەگیی ڕێژیمە سەرکوتگەرەکان و هاوپەیمانەکانیان، ڕێبەری دەکا. ٨٠ ساڵ لە مەیداندا مانەوە و شەکاوە ڕاگرتنی ئاڵای خەبات بۆ ئامانجە پیرۆزەکان و مافە ڕەواکانی نەتەوەیەک، بێ هەبوونی ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی حیزبی دێموکرات لە نێو دڵی خەڵکی کوردستان‌دا مسۆگەر نەدەبوو.

حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی یەکەمی دامەزرانیەوە نوێنەرایەتیی سەرەکیترین پرسی کۆمەڵی کوردستانی کردوە کە ڕزگاری لە بندەستیی نەتەوەیی و دیاریکردنی مافی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە پشتیوانیی لە خەباتی نەتەوەی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان بۆ بە دەستهێنانی مافە ڕەواکانی کردوە و، هەوڵی داوە پێوەندییەکی دۆستانەی لە گەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیان، هەبێ.

حیزبی دێموکرات تەنیا لە دوو بڕگەی مێژووی خۆیدا – ساڵی یەکەم و دووهەمی دامەزرانی و، چەند ساڵی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران- دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی لە بەشێکی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستەوە بووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە زۆربەی هەرە زۆری ساڵانی تەمەنیدا، تێکۆشانی ئازاد و قانوونیی لێ قەدەغە کراوە و ڕێبەری و کادری سەرەکیی بەڕێوەبەریی حیزب لە چیا و شاخەکانی کوردستان بە تایبەتی لە باشووری کوردستان، ئەرکی خۆیان بەڕێوە بردوە.

  لە نێوخۆی وڵات، سەرەڕای ئەو دۆخە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرانەیەی بە سەر کوردستاندا زاڵ کراوە، جوغرافیای نفووز و خۆشەویستیی حیزب و  چالاکی و تێکۆشانی ڕێکخستنە نهێنییەکانی، ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر و زیاتر دەبێ و ڕووبەرێکی فراوانتر دادەگرێ. ٨ دەیە تێکۆشان و قوربانیدانی حیزبی دێموکرات، وشیاریی نەتەوەیی خەڵکەکەمانی بەرەوژوور بردوە و گیانی نەتەوەپەروەری و شوناسخوازیی تێدا بەهێز کردوون.

 کاریگەریی حیزبی دێموکرات لە سەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، هەر ئەوەندە نییە کە ڕۆڵی ڕێبەر و ڕێکخەری  ئەو بزووتنەوەیەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر شانە. حیزبی دێموکرات و بە تایبەتی ڕێبەری  مەزن، د. قاسملوو لە کاتی خۆی‌دا، ڕۆڵی یەکەمیان لە ناساندنی پرسی کورد بە بیانییەکان و ڕاکێشانی پشتیوانیی زۆر حیزب و کەسایەتی و ناوەندی گرنگی ڕۆژاوایی بۆ لای  کورددا هەبووە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە گشتی  لە قۆناغی جیاواز‌دا لە بەرهەمی ئەو تێکۆشانە دیپلۆماسییە بە نرخە سوودمەند بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک بە تەمەنترین حیزبی کوردی، مافی خۆیەتی ئەگەر بە شانازییەوە ئاوڕ لە ٨٠ ساڵ خەباتی نەپساوەی پڕ لە قوربانیدانی خۆی بداتەوە، ڕۆژە پڕشنگدارەکان و دەسکەوتە گەورەکانی ئەو خەباتە وەبیر بێنێتەوە، قامک بۆ ئەو چەمک و بنەما و پرەنسیب و ڕێوشوێنە جوان و پڕ بەهایانە ڕابدێرێ کە هێناونیە نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی و کولتووری سیاسی و حیزبی لە کوردستان. لەوە کە باشترین ڕێبەران، تێکۆشەران و ڕۆڵەکانی خۆی لە سەنگەرە جیاوازەکاندا بە سەخاوەتەوە ژیان و تەمەن و گیانیان بەختی ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەکەیان کردوە؛ سەبارەت بەوە کە مێژوویەکی خاوێنی تەژی خزمەت و بە دوور لە پەڵە و هەڵەی نەبەخشراوی هەیە؛ سەربەرز بێ و بە خۆی بنازێ. ڕابردووی دوور و درێژی خەبات و تێکۆشانی سەخت و خوێناوی، متمانە و ئیعتیبارێکی گەورە کە لە ئاستی نەتەوەیی وناوچەیی و جیهانی‌دا کۆی کردوەتەوە، بەرنامەیەکی سیاسیی جێکەوتوو و ڕێبازێکی نەتەوەیی و دێموکراتیی بۆ هەموو لا ناسراو کەحیزبی دێموکرات خاوەنیانە، خۆشەویستییەکی بێ سنوور کە ڕیشەی بە نێو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا شۆڕ بووەتەوە، سەرمایەیەکی بە نرخ و بێ‌هاوتای حیزبەکەمانن.

لە ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا، سڵاوی وەفا و ئەمەگناسی بۆ ڕێبەرانی شەهید، پێشەوا قازی محەممەد دامەزرێنەری حیزب و سەرکۆماری شەهیدی کوردستان، د. قاسملوو بووژێنەرەوە و نوێکەرەوەی حیزبی دێموکرات، د. سادق شەرەفکەندی جێنشینی لێهاتوو و درێژەدەری ئەرک و بەرپرسایەتیی ئەو  ڕێبەرە مەزنانە دەنێرێ. ئێمە لە ئاستی گیانی ئەوان و هەموو ئەو شەهید و نەمرانەی لە ڕێگای خزمەت بە ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات‌دا سەریان نایەوە، سەری ڕێز دادەنوێنین. گیانی شەهیدانمان و هەموو ئەوانەی دێموکرات بە ڕووگەی خۆیان دەزانن، دڵنیا دەکەین درێژەدەر و پارێزەری شانازییەکانی ئەو مێژووە پڕ شکۆیە دەبین و تا گەیشتن بە ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەکەمان، ئاڵای خەباتی دێموکرات شەکاوە و، چرای تێکۆشانی، گەشاوە ڕادەگرین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٨٠ ساڵەی دامەزرانیدا بە ئیمان بە سەرکەوتنی ئیرادەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بەسەر ڕێژیمی سەرکوت و ماف‌زەوتکەری کۆماری ئیسلامی‌دا، بەڵێن تازە دەکاتەوە کە بە ئیرادەیەکی پتەوترەوە ڕێگای وەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان درێژە دەدا. هاوکات دڵنیایە کە لەو پێناوەدا متمانە و پشتیوانی و هێزی لەبڕاننەهاتووی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لە پشتە، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگرە کە کاروانی خەبات و تیکۆشانی نەتەوەکەمان بە ئەر‌ک‌وەخۆگریی ڕووناکبیران و خوێندکاران، لاوان و ژنان، چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ دەگاتە مەنزڵ.