
ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٣١ی جولای ٢٠٢٥) شاندێکی حیزب بە سەرپەرستیی باوە ڕەزایی هاوکاری بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوسترالیا لەگەڵ خاتوو زۆیی بیتیسۆن (Bettison Zoe) وەزیری چەند فەرهەنگی حکوومەتی فێدراڵی ئوسترالیا کۆ بوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا هاوڕێیانی حیزب بەوردی لە نزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ، ڕاپورتێکی پڕناوەرۆکیان لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی پێشکەش کرد و باسی ئەوشیان کرد کە گەلی کورد و بەلووچ ڕۆڵی پێشەنگایەتییان لەو بزووتنەوەیەدا هەبووە و سەدان کەسی ئەو دوو نەتەوەیە بە دەستی هێزە سەکوتکەرەکانی ڕێژیم کوژراون و ژماریەکیشیان پاش گێران لە سێدارە دراون.
لە بەشێکی دیکەی باسی هاوڕێیاندا ئاماژە بە زەبروزەنگی ڕێژیم پاش شکستی ئێران لە شەڕ لە گەڵ ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی ئێران و بە تایبەتی کوردستانی کرا و ئاماژەیان بەوە کرد کە لە ئێستادا سەدان کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل خراونەتە زیندان و لەژێر ئەشکنجەدا ناچاریان دەکەن قسە بکەن تا حوکمی ئیعدامیان بە سەردا بسەپێت و بەو جۆرە خەڵک چاوترسێن بکەن.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئاژاوەگێڕیەکانی ڕێژیم لە دەورەوە و کردەوە تێروریستیەکانی لە وڵاتانی دیکە سەرنجی خرایە سەر و لەوبارەیەوە هاوڕێیان ڕوونکردنەوەی پێویستیان بۆ وەزیر خستە ڕوو.
خاتوو بیتیسۆن وەزیری چەند فەرهەنگی ئوسترالیا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لەو چاوپێکەوتنە ئامادەیی خۆی نیشان دا کە زیاتر سەنج بدرێتە سەر کێشەی کورد لە ئێران و لەبارەی ئەگەری ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیم لە ئوسترالیا ڕێنوینیی پێویستی پێشکەشی هاوڕێیان کرد.
لە تەوەریەکی دیکەی دیدارەکەدا هاوڕێیانی حیزب وڵامی چەندین پرسیاری گرینگی وەزیریان لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتەکانی حیزب لەبارەی چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی ئێران پاش نەمانی ڕێژیمی ئیسلامی و ئەزموونەکانی ڕابردووی بزوتنەوەی کورد لە ئێران، دایەوە.