
٥٧ مافناس لە بەیاننامەیەکدا پەسەندکردنی گەڵاڵەی نوێی مەجلیسی ڕێژیم بۆ چڕکردنەوەی سزاکانی سیخوڕی و هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیلیان بە کارەساتێکی گەورە بۆ سیستمی یاسایی و بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی زانیوە.
ئەم ٥٧ مافناسە لە بەیاننامەکەیاندا نووسیویانە: "بڵاوبوونەوەی دەقی گەڵاڵەکە هاوکات لەگەڵ هەواڵی دەسبەسەرکرانی سەدان کەس و جێبەجێکردنی چەند حوکمی لەسێدارەدان، بووەتە هۆی نیگەرانیی جیددی و ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی گەورە لە سیستمی یاسایی و دادوەریی ئێران".
بەیاننامەکە زیادی کردووە: "تاوانبارکردنی بەکۆمەڵ و ناڕوون بە کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی درێژ و هەڵگری شرۆڤەی جیاواز، حوکمدانی بە ئیشتیا و بێ بنەمایەکی ڕوون، دیاریکردنی سزاگەلی زۆر قورس، لەبەرچاونەگرتنی بنەما سەرەتاییەکانی دادگاییکردن و پێشێلکردنی مافی بەرگریی تۆمەتبار، شاراوەییەکانی نێو ڕەستەکان و نەبوونی پێوەرە بەرهەستەکان بۆ هەڵسەنگاندن و گرینگتر لە هەموو، زیادکردنی نموونە تاوانەکان بۆ پەسەندکردنی سزا قورسەکانی وەک بەندکرانی هەتاهەتایی و لەسێدارەدان، تەنیا بەشێکن لە هەڵە بنەڕەتی و گرینگەکانی ئەم پەسەندکراوە".
مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕیکەوتی ٢ی پووشپەڕ و لە پاش دەرکەوتنی دزەکردنی بەربڵاوی مووساد لەنێو ئێران، بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەوڵە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل ئەم گەڵاڵەیەی پەسەند کردووە.
بەپێی ئەم گەڵاڵەیە هەر چەشنە چالاکی و هاوکارییەک لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریکا و تەنانەت گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیش، وەک "افساد فی الارض" دێتە ئەژمار کە ئەم تاوانە لە سیستمی دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا سزای لەسێدارەدانی بەدواوەیە.