کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ نوێنەری پارلەمانی فیدراڵی ئوسترالیا

12:59 - 10 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، سەلاح پوورئەسەد بەرپرسی پەیوندییەکانی حیزب لە ئوسترالیا و مەسعود پیران کادری حیزب لە شاری بریزبن لەگەڵ جوولی ئەن کەمپ بیل نوێنەری پارلەمانی فیدرالی ئوسترالیا لە حیزبی دەسەڵاتداری کرێکار کۆ بوونەوە.

سەرەتا هاوڕێیانی حیزب بە بۆنەی هەڵبژێردران وەک نوێنەری پارلەمان پیرۆزباییان لە خاتوو کەمپ بیل کرد.

پاشان لەسەر دۆخی گەلی کورد لە ئێران و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی دژی گەلی کورد و سیاسەتی تێروریستیی ڕێژیمی ئێران قسەیان کرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکاندا ئاماژە بە شەڕی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئیسلامی کرا کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا دروشمی شەڕی دەدا و ئێرانی تووشی ئەو شەڕە کرد. پاش ئاگربەستیش بە هەزاران کەس لە ئێران و کوردستان بە تاوانی هاوکاریی ئیسرائیل و بە هۆی دژایەتی لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕێژیم گیراون و تا ئێستا شەش کەس کە سێ کەسیان کورد بوون ئیعدام کراون.

هەر بۆیەش داوا لە حکوومەتی ئوسترالیا و ناوەندەکانی پارێزگاری لە مافی مرۆڤ کرا کە پێش بەو ڕەشبگیریی و کۆشتارە بەکۆمەڵە بگرن کە ڕەنگە وەک ساڵانی دوای شەڕی ئێران و عێراق خەڵکێکی زۆر ئیعدام بکرێ.

خاتوو جوولی ئەن کەمپ بیل وێڕای خۆشحاڵی لەو چاوپێکەوتنە بەڵێنی ئەوەی دا کە بەدواداچوون بۆ ئەو کێشانە بکا کە باس کران و داواکارییەکان بگەیەنێتە حکوومەت و وەزارەتی دەرەوە.

هەروەها ڕایگەیاند کە حکوومەتی ئوسترالیا بۆ دابین کردنی مافەکانیان هەمیشە پشتیوانی گەلانی ئێران بووە و لەو ماوەیەشدا دەیان بنکە و بنیاد و کەسایەتیی نیزامی ئێرانیان خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانیانەوە.

لە دوابەشی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندی دوولایەنە بۆ کاری داهاتوو کرا.