کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی چالاکێکی مەدەنی پاش تێپەڕبوونی ٢٤ ڕۆژ

13:02 - 18 گەلاوێژ 2725

لە درێژەی دەسبەسەرکرانە بەربڵاو و توندوتیژانەکانی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، سەبارەت بە چارەنووسی چالاکێکی مەدەنی پاش تێپەڕبوونی ٢٤ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، پاش تێپەڕبوونی ٢٤ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەسعەد سدیقی، چالاکی مەدەنی و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز، سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە گوندی "کاومەلە" و دەسبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانیەوە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.