کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ/ بەرزراگرتنی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

22:10 - 19 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە لایەن کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکرات و  بە ئامادەبوونی کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری دەیان حیزبی نۆروێژی، کوردستانی و ئێرانی و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ و یادی٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز ڕاگیرا.

لە سەرەتای بەرنامەکە هاورێیانی پێشکەشکار شنۆ مێهرپەروەر و گەلاوێژ مێهفەر، بە خوێندنەوەی شێعرێک وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، دەستپێکی بەرنامەکەیان ڕاگەیاند.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لەلایەن کۆڕی هونەری و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

کاک عەباس نامی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نۆرێژ بە نوێنەراتیی ئەندامانی کۆمیتە و تێکڕای ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە بە پەیامێکی کورت بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.

لە پەیامەکەی بەڕێزیاندا هاتبوو: "ئێمە لە کاتێکدا یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بەرز ڕادەگرین کە ئاستی وشیاری و پێگەیشتوویی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لووتکەدایە و ئێستا ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران لەژێر گوشاری زۆری نێونەتەوەیی و ناوچەیی و ناوخۆییدایە و هەروەها قەیرانی سیاسی و ئابووری تەنگی پێ هەڵچنیوە و ڕێگای ڕزگاربوونی بۆ نەماوەتەوە."

دواتر بەڕێز خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکرات، پەیامێکی بەو بۆنەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرد کە لەم پەیامەدا بە کورتی ئاماژەی بە هەنگاوە سیاسی و نەتەوەییەکانی خەبات و تێکۆشانی پڕشکۆی ٨٠ ساڵەی حیزب کرد.

بەڕێزیان لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی پێشەوا قازی محەممەد وەک دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات و بەردەوامیی ئەو خەباتە سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ئەو٨٠ ساڵەدا کرد و ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێبەرانی شەهید دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندیی لە بەرەوپێشبردنی ئەو حیزبە و کارایی و لێهاتووی ئەو ڕێبەرانە وەک درێژەدەران و بەڕێوەبەرانی ئەو بزووتنەوە سیاسییە لە رۆژهەڵاتی کوردستانی بەرز

نرخاند. لە بەشیک لە قسەکانیدا باسی ئەو ئەزموونە سیاسی و تەشکیلاتییانەی کرد کە بوونە هۆکاری دامەزرانی حیزبی دێموکرات و بووژاندنەوە و چالاککردنەوەی حیزب لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا ئەمرۆ کە یادی ٨٠ ساڵەی ئەو ڕۆژە مێژووییە دەکەینەوە.

کاک خالید باسی لە هاوکاری و کۆدەنگیی سیاسی لە نێوان هێزەکانی کوردستان کرد و یەکڕیزی نێو بزووتنەوەی کوردی وەک زەرورەتێکی مێژووی نرخاند.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لە هەڵوێستی خاوی وڵاتانی ڕۆژاوایی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد کە شەڕی ١٢ ڕۆژە شەڕێک نەبوو کە ڕوخساری سیاسیی ئێران بە تەواوی بگۆڕێ .

بەرێزیان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەرچەندە زەمینەی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پانتاییەکی گەورەی لە ڕووبەری ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکانی ئێراندا بۆ خۆی تەرخان کردووە، بەڵام دەکرا بە یەکگرتووی هێزە کوردستانییەکان لەو دەرفەتە مێژووییانە باشتر کەڵک وەرگیرابا کە بۆ بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتوونەتە پێش.

کاک خالید لە کۆتاییدا، باسی لە ئەرک و بەرپرسیارێتی سیاسی و مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئێستادا کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕيسمەکەدا، پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و ڕێکخراوە

سیاسییە کوردستانییەکان لە وڵاتی نۆروێژ لەلایەن بەڕێز روودی للگین پێشکەش کرا.

ئەو کۆمیتە لەو حیزب و ڕێکخراوانەی خوارەوە پێک هاتووە:

ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان

ـ پارتیا دێموکراتا کوردستانا باکوور

ـ پارتی ئازادی کوردستان ـ ڕۆژهەڵات

ـ ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان

ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ـ پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریا

ـ پارتی سەربەستی کوردستان

ـ پارتی ئازادی کوردستان ـ باکوور

ـ پارتی وەکهەڤی دێموکراتی سووریا

کۆمەڵێک حیزب و کەسایەتیی نۆروێژی و ئێرانی وێڕای پێشکەشکردنی چەپکەگوڵ،  پەیامی پیرۆزباییان خوێندەوە کە بریتی بوون لە:

ـ بەڕێز یاکوبسێن فۆردە بە نوێنەرایەتیی وەزیری دەرەوە و لەلایەن پارتی کرێکارانی نۆروێژ

ـ بەڕێز بالدەر ئولاڤسەن لەلایەن پارتی چەپی سۆسیالست

ـ بەڕێز مانی حوسینی، ئەندام پارلەمانی نۆروێژ و سەرۆکی یەکیەتیی لاوانی پێشووی پارتی کرێکارانی نۆروێژ

ـ پەیامی حیزبی سووری نۆروێژ لەلایەن یوواکیم ئێسپە

ـ پەیامی "کمیته همبستگی بلوچ های نروژ" ، لەسەر داوای خۆیان لەلایەن هاوڕێ کاک ئەسعەد خزرییەوە خوێندرایەوە

ـ پەیامی "حزب مردم بلوچستان- واحد نروژ"  لەلایەن بەڕێز دانشوەر

جێگای ئاماژەیە کە بەشێکی دیکە لە حیزب و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان بە پەیامی پیرۆزبایی و چەپکەگوڵ بەشداری ڕێورەسمەکە بوون کە بریتی بوون لە:

ـ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان

ـ نوێنەرایەتی دەرەوەوی وڵات کۆمەڵە – کۆمیتەی نۆروێژ

ـ کۆمەڵيی شۆرشگیری زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران

ـ پارتیژیانی ئازادی کوردستان _ پژاک

ـ هەیئەتێک لە پارتی دێموکراتی کوردستان لقی نۆروێژ

لەوڕێورەسمەدا چەند سروود لەلایەن هونەرمەند ئومید خوداجوو پێشکەش کرا کە لەلایەن گەرمی بەشداربووانەوە بە گەرمی پیشوازیی لێ کرا.

ڕێورەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی ئامادەبووان و گۆرانیی هونەرمەندان، شێرکۆ مەریوانی، هومایون عەزیزی، مێهران مەحموودی، دیار کەریم و خدر کۆچەر کۆتایی پێ هات.