کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنێکی دۆستانەی کاک خالید عەزیزی لەگەڵ نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە نۆروێژ

10:17 - 20 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە پەراوێزی ڕێورەسمی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، لەلایەن بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات بەڕێز کوێستان گادانی، کۆڕێکی دۆستانە بۆ بەڕێز خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە نۆروێژی، ئێرانی و کوردستانییەکان ڕێک خرا کە لە ڕێوڕەسمی٢٥ی گەلاوێژدا ئامادە بوون.

سەرەتا د. کوێستان گادانی سپاسی وەڤدەکانی کرد کە بە پێشکەشکردنی پەیام و چەپکەگوڵ لە ڕێورەسمی ٢٥ی گەلاوێژ ئامادە بوون.

دواتر کاک خالید عەزیزی باسێکی سیاسیی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. بەڕێزیان لە باسەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەموو کات بۆ یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی هێزەکانی ڕۆژهەڵات هەوڵی داوە.

کاک خالید ڕایگەیاند: ڕێبەریی حیزب لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە ئێراندا ڕوو بدات کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرسی کورد دەبێ، بۆیە پێویستە هێزە کوردییەکان بە یەکگرتوویی و یەکوتاری لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان شوێندانەر بن ، بە تایبەتی کە لە کوردستانی ئێران خەباتێکی بەرینی نافەرمانی لە ئارادایە.

بەڕێز عەزیزی وتی: یەکگرتنەوە دوو لایەنی دێموکرات دەکرێ وەک نموونەیەک بێت بۆ ئەوەی حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەش زیاتر لێک نیزیک ببنەوە. ئەو دوو حیزبە سەرەڕای هیندێک کێشەی سیاسی بەڵام لە کۆتاییدا و لە بڕیارێکی مێژووییدا تێکەڵ بوونەوە، تا کاریگەریی زیاتریان لەسەر رەوتی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێ.

بەڕێز عەزیزی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامی ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیستە و کێشەی ئەو حیزبە کێشەی ئائینی نییە بەڵکوو حیزبی دێموکرات لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەوڵی بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی لە ئێران‌ داوە و لەو پێوەندییەدا تێکۆشاوە تەنانەت لەگەڵ نەتەوەکانی غەیرە کوردیش لەو وڵاتەدا پلاتفۆرمێکی سیاسی پێک بێنێ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە شێوەیەکی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی ئێرانێکی دێموکراتی فرەنەتەوە هەوڵ بدەن.

هەموو کات ڕێژیمی ئێران بۆ لە ناوبردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەنای بۆ تێرۆر، مووشەکەباران، زیندانیکردن و ئێعدامی ئەندامانی ئەو حیزبە بردووە، بەڵام نەتەوەییبوون و پەیامی ڕوونی حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٨٠ ساڵ خەباتی بێوچانیدا ئەو هەوڵەی دوژمنانی کوردی پووچەڵ کردووەتەوە.

لەو دانیشتنەدا چەند پرسیارێک ئاراستەی وتەبێژی حیزبەکەمان کرا کە لەلایەن بەڕێزیانەوە وڵام درانەوە.