کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دەرکردنی مووسەویان هەنگاوێکی گرینگ و بەبایەخ لە دژی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامییە

15:54 - 20 گەلاوێژ 2725

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، دەرکرانی مووسەویان لە زانکۆی پرینستۆنی ئەمریکای بە هەنگاوێکی گرینگ دژی سیاسەتی سەرکوت و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ناو برد. سەی حوسێن مووسەویان، باڵوێزی پێشووی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمان یەکێک لە جێبەجێکارانی تێرۆری میکۆنووس بوو.

دەقی پەیامەکەی کاک مستەفا هیجری بەم چەشنەیە:

هەواڵی دەرکرانی سەید حوسێن موووسەویان، باڵوێزی پێشووی ڕێژیم لە ئاڵمان و ئەندامی پێشووی تیمی دانوستانکاری ناوکیی کۆماری ئیسلامی لە زانکۆی پرینستۆنی ئەمریکا، مایەی خۆشحاڵییە.

مووسەویان بۆ ماوەی ١٥ ساڵ، وەکوو کارناسی ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سیاسەتی ناوکی، لە بەرنامەی ئەمنییەت و زانستی جیهانیدا چالاک بوو و ئەمەش ببووە هۆی ناڕەزایەتیی بەردەوامی چالاکانی سیاسی و ناوەندە مافی مرۆییەکان.

مووسەویان لە کاتی تێرۆرکرانی دوکتور سادقی شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێمووکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانیدا، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاڵمان بوو، و ناوی مووسەویان هەمیشە لەگەڵ تێرۆرەکان لە دەرەوە هاتووە؛ بەشێوەیەک کە ناوبراو لە تێرۆری ٢٤ کەس لە کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم لە دەیەکانی ١٣٦٠ و ١٣٧٠دا و یەک لەوان لە تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و شاندی هاوڕێیان دەستی هەبووە.

‏دەرکردنی مووسەویان، هەنگاوێکی گرینگە لەپێناو سەرخستنی ئەو هەوڵانەی دژی سیاسەتی سەرکوتکاری و تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی دەدرێن. بۆیە وێڕای ئەوەی لەگەڵ ئازادیخوازانی ئێران و باقی نەتەوەکانی ئێران پێشوازی لەم هەوڵە دەکەین، سپاس و پێزانینی خۆشمان بۆ ئەم بەمشوورییە و کەمپەینی بەردەوام و دوو ساڵەی ڕێکخراوی "یەکگرتوویی دژی بەرگریکارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" و باقی چالاکان و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان دەردەبڕین. هیوادارین ئەم بڕیارە دەسپێکی وەرزێکی نوێی تێکۆشان لەپێناو کۆتاییهێنان بە سازان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت.

‏حیزبی دێموکراتی وکردستانی ئێران

سکرتێری گشتی

مستەفا هیجری

٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی

١١ی جوولای ٢٠٢٥ی زایینی