کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یوبیلیی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

17:52 - 24 گەلاوێژ 2725

مستەفا شڵماشی

حیزبی دێموکراتی کودستانی ئێران، هەشتاهەمین مۆمی تەمەنی خۆی دادەگیرسێنێ. لەو هەشتا ساڵەدا لە زۆر بواردا ڕۆڵی پێشەنگی گێڕاوە و شانازی بۆ نەتەوەکەی خوڵقاندوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکەمین حیزب لە کوردستاندا بوو کە بە شێوەیەکی مودێرن دامەزرا و لە یەکەم کۆنگرەی خۆیدا بەرنامەیەکی بۆ سەردەمی خۆی پێشکەوتوو، ڕێبەرییەکی دەستەجەمعی و ڕێبەرێکی لێهاتوو و پێشکەوتووی هەڵبژارد. شێوەی دروستبوون و هاتنە مەیدانیشی تەواو سەردەمیانە بوو. چوونکی لەسەر بناغەی کۆمەڵەی ژ.ک دامەزرا کە ڕێکخراوێکی پێشکەوتووی پێکهاتوو لە هەڵبژاردەکانی ئەو اتی کوردستان بوو. ئامانجی ژ.ک بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بوو بۆ نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەر بۆ هەمان ئامانج دامەزرا. هەرچەند بەرنامە وپێڕەوی خۆی بەڕۆژ کردەوە و هەوڵی دا لەگەڵ کەش و هەوای سیاسیی سەردەمی دامەزرانی خۆی بیگونجێنێ و نێوەرۆکێکی کێشداری پێ بدا تا بتوانی لەگەڵ کاراکتیڕە زلهێزەکانی ئەو سەردەمدا کە لەسەر کوردستان و وەڵاتەکانی ناوچەی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست هێژەمۆنی و دەستڕۆیشتووییان هەبوو، خۆی بگونجێنی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێنەری یەکەمین دەسەڵاتی مۆدیرنی کوردی بوو کە نیزێکەی ساڵێک دوای دروستبوونی خۆی، بەسەرۆکایەتی پێشەوای ڕووناکبیر و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ڕێبەری حیزب، پێشەوا قازی محەممەد دامەزراو لە مێژوودا یەکەمین کۆماری کوردستانی بۆ تۆمارکردین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قووربانیدانیشدا پێشەنگە و تەنانەت ڕەنگە لە دنیاشدا حیزبێکی دیکەی ئەوتۆ نەبێ کە چوار بەرپرسی یەکەمی بە دەستی دوژمنان شەهید کرابن، کە سەرۆککۆمار و ڕێبەری کاریزمای حیزبەکە لە سێدارە درابێ، دوو ڕێبەری کاریزمای دیکەی لە نێو جەرگەی وڵاتانی پێشکەوتووی دنیادا تیڕۆر کرابن و کە نیزیکەی سەد کەس لە ئەندامانی ڕێبەری لە قۆناغە جۆربەجۆرەکانی خەبات دا شەهید کرابن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گەڵ هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمانەی کە هاتوونە سەر ڕێگای و زۆرجار نەخۆش کەوتوە و تا سنووری کەوتن چووە، بەڵام هەموو جارێ هەستاوەتەوە و بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیسان خۆی گرتووەتەوە و بووەتەوە چاکەسواری مەیدان و جڵەوی خەباتی وەدەست گرتووەتەوە. هەرچەندە لە قۆناغی جۆراوجۆردا تووشی لێکدابڕان و پەرەوازەیی بووە، بەڵام بە هیممەتی کادرە وردبینەکانی، جارێکی دی ڕیزەکانی خۆی پتەو کردووەتەوە و نەمامەکانی دواڕۆژی خۆی بە ئاوی یەکیەتی ئاو داوەتەوە و دوژمنانی ناکام کردوە.

بێگومان لەو ماوە دوور و درێژەدا و لە نێو تۆفانی ئەو هەموو دژواری و نابەسامانییەی کە بەسەر حیزب و گەلی کورددا هاتوە، ڕەنگە لە هێندێک قۆناغدا تووشی هەڵەی تاکتیکیش بووبێ، بەڵام یەک شانازی گەورە بۆ ئەو حیزبە خوشەویستەی گەلی کورد ماوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز و لە هیچ قۆناغیکدا نەبوەتە داردەستی دوژمنان و هیچ کاتێک سەربەخۆیی خۆی لە دەست نەداوە. تەنانەت ئەگەر هەڵەشی کردبێ، بە دەستووری هیچ جێگایەک نەبووە و لە خانەی هەڵەی سیاسی و تاکتیکیدا خۆی دیوەتەوە، یا لە لایەن هێز و لایەنی دیکەڕا و بە هۆی هەل و مەرجی نالەبارەوە بە سەریدا سەپاوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەرچەند لە تەمەندا ساڵانێکی تێپەڕاندووە، بەڵام لە بۆچوون و گوتاردا تازە و لاوە، هەرچەند لە نێو گیر و گرفتی جۆراوجۆردا ماندوو دیارە، بەڵام ئیمکانات و ئێنێرژی گەشە کردن و پێسکەوتنی هەیە و هەرچەند بنەماڵەکەی لێکترازانی زۆری بەخۆوە دیوە، بەڵام ویست و پتانسێلی کۆکردنەوەی نێوماڵی خۆی و بەرهەم‌هێنانی یەکیەتی و پتەوکردنی ڕیزەکانی خۆی هەیە.

لە هەشتاهەمین ساڵڕۆژی لە دایک بوونی حیزبی ڕێبەرانی شەهید پێشەوا، قاسملوو، شەڕەفکەندی و دەیان شەهیدی سەرکردەی دیکەی وەک مەلا ئاوارە، شەریفزادە و موعینیەکان و شەهیدانی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و دەیان شەهیدی دیکەی ڕێبەری، سەدان شەهیدی فەرماندە وهەزاران شەهیدی پێشمەرگە و ئەندام و دەیان هەزار شەهیدی لایەنگر و هەزاران شەهیدی قارەمان لە زیندانە کاندا، چاوەڕوانیم لە هەموو ڕێبوارانی ئەو ڕێگا پیرۆزە هەیە، کە بە هەموو توانای خۆیان هەوڵ بدەن شانازییەکان زیندوو کەنەوە و ئیمکانات و پتانسیێلەکان بە یەکگرتوویی ویەکڕیزی بەکار بێنن و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە لووتکە بگەیەننەوە. تا جارێکی دیکە شاهیدی ئەوە بین کە ئەو حیزبە مەزنە دەسکەوتی گەورەی وەک پێکهێنانی کۆماری کوردستان لە مهاباد بەدەست بێنێ و ئاواتی شەهیدان وەدی بێنێ.

با بەئیمان بەو هێزە لە بڕان نەهاتووەی کە لە دەوری حیزب کۆبوەتەوە و بە بەکارهێنانی ئەو ئێنێرژی و پتانسێیلەی کە بۆ ئەو حیزبە خۆشەویستە ڕەخساوە، ڕوو بکەینە مەیدانە گەورەکەو سیاسەتێکی کەڵان دەست پێ بکەین تا بتوانین هێز و تواناکانمان دەکار کەین و ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕین لە گۆڕەپانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا. جێگای خۆیەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئیبتیکاری ئاڵتەرناتیڤسازی بۆ هەموو ئێران و درووستکردنی بەرەیەکی بەرین بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستەوە بگرێ. تا نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بتوانێ ڕۆڵی شیاو و بارتەقای ئەو هەموو خەبات و قووربانیدانەی کە پێشکەشی ئازادی دێموکڕاسی کردووە، لە ئیدارەی ئێراندا بەدەست بێنێ و بۆ کوردستانیش مافە نەتەوایەتیەکانی دەستەبەر بکا.

بە بۆنەی هەشتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی دەڵێم بە ڕێبەرایەتیی حیزب، بە هەموو ئەندامان، پێشمەرگەکان و بنەماڵەی شەهیدان و هەموو ڕێبوارانی ئەو ڕێگایە و هەموو ئۆگران و لایەنگرانی ئەو ڕێگایە. هیوادارم بەر هەمی هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان ببینن و گە لەکەمان بە لوتکەی سەرکەوتن بگەیەنن.