
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، ٢٥ و ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاویدا پلینۆمی پێنجەمی خۆی بەڕێوە برد. پلینۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کە بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و جێگری کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوە چوو، بارودۆخی ئێستای ئێران و سیناریۆ و ئەگەرەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی، دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد و هەروەها چەند بابەتێکی نێوخۆیی و دەروونتەشکیلاتیی حیزبی هەڵسەنگاند و بڕیاری پێویستی لەسەر کۆمەڵێک ئەرک و پڕۆژەی حیزبی دا.
پلینۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندی بە دەقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە یاد و خەباتی شەهیدانی کوردستان دەستی بە کارەکانی پێکرد. لە بڕگەی یەکەمی کاری پلینۆمدا کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لێکدانەوەیەکی سیاسیی ورد و فرەڕەهەندی لەسەر دۆخی گشتیی ئێران پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و ڕۆژەڤی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتیی ئێستای ئێران و کوردستان کرد و بەشدارانی پلینۆمیش بە هێنانەبەرباسی ڕاوبۆچوونی خۆیان لێکدانەوەی سکرتێری گشتیی حیزبیان دەوڵەمەندتر کرد.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ەوە بەرزەفڕییە ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی هەرەسیان هێناوە، شکستی نیزامیی حەماس و حیزبوڵڵا و گۆڕینی ڕێژیمی سیاسی لە سووریە و لاوازبوونی میلیشیا نیابەتییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی وەک قووڵایی ستراتیژیکی ئێران پێگەی ڕێژیم لە هاوکێشە ناوچەییەکانی بەرەو داڕمان بردوە و شکستی نیزامی و ئەمنییەتی لە شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسڕائیلیش ئەم ڕێژیمەی لە لێوارەکانی ڕووخان و نەمان نیزیکتر لە هەر کاتێک کردوە. پلینۆم لەو بەشە لە لێکدانەوەکانی خۆیدا هاتەسەر ئەو بابەتە کە سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای هەناردەی شۆڕش لەپێناو پێکهێنانی ئیمپراتۆریی شیعەی سیاسی بە سەرۆکایەتیی وەلیی فەقیهـ دامەزرا؛ زیاتر لە چەند تریلیۆن دۆلار لە سامانی وڵات لەبری تەرخانکرانی بۆ کەرتەکانی وەبەرهێنان، فێرکردن، تەندروستی، گەشە و ئاوەدانیی وڵات بۆ تێچووەکانی دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتومی و پەرەدانی مووشەکی و تەیارکردنی هێزە نیابەتییەکان لە ناوچەدا بەفیڕۆ دا و هەر ئەوەش سەرچاوەی هەموو کێشە و قەیرانە ئابووری، سیاسییەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانە.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لەو بەشە لە لێکدانەوەکانیدا لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بێ هاوپەیمان و تەنیاتر و پەراوێزخراوتر لەهەر کاتێک ماوەتەوە، لە باشوور پەرەسەندنی پەیمانی ئاشتیی ئیبراهیم لەنێو وڵاتانی ناوچە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل ئامانجە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامیی مایەپووچ کردوە و، لە باکووری ئێرانیش گرێبەستی زەنگەزوور جگە لە بێبەشکردنی ئێران لە داهاتی میلیارد دۆلاریی تڕانزیتی کاڵا بووەتە هۆی ئەوەی پێگەی ستراتیژی و ژێئۆپۆلۆتیکیی ئێرانی ئەوەندەی دیکەش لاوازتر ببێ و ئەو ئەمریکایەی خومەینی گوتەنی قەرار بوو نەتوانێ لە بەرانبەردا ئێراندا هیچی پێ بکرێ، جیا لە تەڕاتێنی فڕۆکە B2ەکانی لە ئاسمانی ئێراندا ببێتە هاوسنووری خاکیی ئەم وڵاتەش. ئەوە جیا لەوەی لە نێوخۆی وڵاتیشدا کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان، بێمافیی گەلان و جۆراوجۆرییە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییەکان و گەندەڵیی سیستماتیکی حکوومەتی، گۆڕەپانی خەبات و بەربەرەکانیی خەڵک و کۆماری ئیسلامیی بەربڵاوتر لەهەر کاتێک کردوە.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە ئاکامگیریی ئەو بەشە لە باسەکانیدا پێی وابوو کۆی گوشار و قەیرانەکان لە نێوخۆی وڵات و بەربەرەکانیی ئەمریکا و ئیسڕائیل کە ئێستا ئەگەری چالاککردنەوەی میکانیزمی ماشە لەلایەن تروئیکای ئورووپا کۆماری ئیسلامیی خستووەتە بەردەم دووڕێیانێکی سەخت و چارەنووسساز: وتووێژ و ملڕاکێشان بۆ مەرجەکانی ئەمریکا و ئورووپا و دەسبەردانەوە، یان بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخی شەڕێکی دیکە لەگەڵ ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی دیکەی و گەڕانەوەی هەموو سزاکانی شوڕای ئەمنییەت، ئەویش لە دۆخی کارەساتباری ئابووریی ئێستای وڵاتدا!
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی پاشان هاتە سەر باسی تاوتوێی کۆمەڵێک ئەگەر و سیناریۆ بۆ داهاتووی کۆماری ئیسلامی و هاوکێشەکانی هێز و دەسەڵات لە ئێران و پێی وابوو کە بزووتنەوەی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکرات بەتایبەتی پێویستە خۆی بۆ هەموو سیناریۆ پێشبینیکراوانە ئامادە بکا و پێشمەرجی هەڵگرتنەوەی هەر دەسکەوتێکی سیاسی بە قازانجی خەباتی نەتەوایەتیی کورد لە ئێران و دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر پرسی کورد، یەکخستنی نێوماڵی کورد و یەکڕیزی و هاوپێوەندیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. باس لە پێویستیی یەکگرتوویی و هاوهەنگاویی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکاریی بەکردەوەیان لە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران و هاوتەریبی ئەوە بەردەوامی لەپێناو هەڵبەستنی پردی پێوەندی و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی غەیرە کوردی کۆماری ئیسلامی لە لایەک و چەندیوچۆنیی هەوڵەکان بۆ پەرەدانی زیاتری بزووتنەوە نەتەوەیی، مەدەنی و جەماوەرییەکان لە کوردستان و پێویستیی کاراترکردنی میکانیزمەکانی خۆڕێکخستن و هاوپێوەندی و هاوخەباتیی نێوان جۆراوجۆری و فرەییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە لایەکی دیکە؛ بەشێک لە پرس و بابەتانە بوون کە لە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا پێیان لەسەر داگیرایەوە و بڕیاریان لەسەر درا.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە لێکدانەوە سیاسییەکانی خۆیدا هەروەها بەبایەخەوە باسی لە پێشکەوتنەکانی پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و ئەو گۆڕانکارییانە کرد کە لە بەرژوەندیی پرسی کورد هاتوونەتە ئاراوە و لەسەر ئەو باوەڕە بوو بە داننانی تورکیە بە بوونی پرسی کورد لەو وڵاتە و هەوڵدان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی ئەم پرسە، خۆڕاگری و پێداگریی خۆبەڕێوەبەریی کوردانی ڕۆژاوای کوردستان لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی هەتا ئێستای کورد لە سووریە، دروستبوونی ژینگە و هەلومەرجێکی نوێ لە عێڕاق لە چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەتوانین بڵێین بزووتنەوەی مافخوازیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەرەوپێشچوونی گرینگ و بەبایەخی بەخۆیەوە بینیوە.
بڕگەیەکی سەرەکیی دیکەی کاری پلینۆم هەڵسەنگاندنی ئۆرگانیزاسیۆنی حیزب و باسە نێوخۆییەکانی حیزب بوو کە پاش وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی بەشداران ڕاسپاردە و بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.
پێنجەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش دوو ڕۆژ کاری بەردەوام و باسی پڕبەرهەم بە سەرکەوتنەوە کۆتایی بە ئەرکەکانی هێنا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی ناوەندی
٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤