کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش

17:03 - 27 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) بە بۆنەی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کۆمیتەی ئوتریشی حیزبەوە، ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی نوێنەری ڕێکخراو و حیزبە کوردستانییەکان و ژمارەیەک لە کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش بەڕێوە چوو.

سەرەتا لەلایەن کاک سامان عەباسی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکەوە بە خێرهاتنی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە کرا و بەبۆنەی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبەوە پیرۆزبایی یان لێ کرا. پاشان سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب بە مۆسیقاوە پێشکەش کرا و بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی سوورخەڵاتی نیشتمان خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

پاشان خاتوون مونیرە نیگەهدار بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئوتریش بە ناوی هەموو ئەندامانی حیزبەوە بە خێرهاتنی میوانانی کرد و  پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزب پێشکەشی بەشداران کرد.

دواتر کاک محەممەد فەقێ عەلی بەرپرسی بەشی پێوەندییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە کوردستانییەکان، بە خێرهاتنی نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کرد و بۆ پێشکەشکردنی وتارەکانیان بانگهێشتنی سەر سەکۆی کردن.

نوێنەرانی ئەم ڕێکخراو و حیزبانەی خوارەوە بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون و وتاریان پێشکەش کرد:

ـ نزار مووسا بە نوێنەرایەتیی پارتی یەکیەتی کوردی سووریە

ـ محەممەد شەریف بە نوێنەرایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان

ـ خاتوو ڕابیا بە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی ژینا وتارێکی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرد و چەپکەگوڵی ڕێزگرتنی پێشکەش بە هاوڕێیانی کۆمیتەی حیزب کرد.

ـ کاک ئاری میلان بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی خۆجەیی ڕۆژاوای کوردستان

لەلایەن  ئەم ڕێکخراوانەی خوارەوەش پەیامی پیرۆزبایی بۆ کۆمیتەی حیزب نێردرابوو و هەروەها نوێنەرانیشیان بەشدار بوون:

ـ پارتی دێموکراتی پێشوەڕۆی کوردی سووریە د. سەلاح

ـ پارتی دێموکراتی پێشوەڕۆی کوردی سووریە

ـ ڕێکخراوی کوردانی یارسان

ـ ڕێکخراوی کوردانی ئیزەدی(لالش)

ـ ئەنەکەسە

ـ پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریە

ـ پارتی گەلی کوردی سووریە

ـ ماڵی کوردان لە نەمسا

لە نێواخنی ڕێوڕەسمەکەدا کاک سامان عەباسی چەند هۆنراوەیەکی وەک: نیشتمانی خۆم دەوێ، پەریزادی ئەوین، من کە سووتاوی فیراقم لە هۆنراوەی کۆچکردوو جەلال مەلەکشا، ئەی ڕەفیقانی تەریقەت هۆنراوەی ماموستای کۆچکردوو سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی و کوردم و سازی ناساز هۆنراوەی کۆچکردوو مامۆستا هێمنی پێشکەش کرد.

هاوڕێیان کاک محەممەد تاهۆ و کاک ڕافا  بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون و بە دەنگەخۆشەکەیان و بە هاوکاریی مووسیقارەکان بزاڤۆ بە کیبۆرد و هەروەها شۆڕش بە کەمانچە زەوق و شەوقێکی تایبەتیان بە ڕێوڕەسمەکە دا.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.