کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەستەی کارگێڕیی حیزب لەبارەی مەرگی کتوپڕی کاک سەید برایم کەریمی

23:51 - 27 گەلاوێژ 2725

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کاک سەید برایم کەریمی، خەباتکاری لەمێژینە و کادری دێرینی ڕێبەریی حیزبەکەمان دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی بە هۆی ڕاوەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد  و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی حیزبە تێکۆشەرەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە.

سەید برایم کەریمی کوڕی سەید قادر ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە گوندی قزڵقۆپیی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مهاباد لە دایک بوو. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری مەهاباد بڕی و پاشان بۆ درێژەپیدانی خوێندن چووە ورمێ و ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی لەو شارە دیپڵۆمی وەرگرت. دوای بڕینی ئەو قۆناغە لە خوێندن لەبری سەربازیی ئیجباری بۆ دەورەی ئامووزشیی "سپای تەرویج و ئاوەدانی" نێردرایە شاری کرج و دوای ٦ مانگ خولی فێرکاری گەڕایەوە شاری مەهاباد و بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە گوندەکانی "گۆلێ، چۆمەڵان و ئاڵبڵاغ" خزمەت بە خەڵکی ئەو ئاواییانە کرد.

کاک سەید برایم ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بووە ئەندامی حیزب و هەتا دوا هەناسەی ژیانی لە سەنگەری حیزبی دێموکراتدا پارێزگاریی لە بایەخە شۆڕشگێری و نەتەوەییەکانی جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد. هەروەها کاک سەید قادر، باوکی سەید برایم کە ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات بوو، ساڵی ١٣٦٨ بەهۆی ئەشکەنجەی قورسی جەلادانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نەخۆشخانەیەکی شاری تەورێز کۆچی دوایی کرد.

بەرپرسایەتیی ناوچەی شاروێران، بەرپرسایەتیی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد، بەرپرسایەتیی کۆمیتەی ئەمنییەت و جێگری کۆمیسیۆنی تەشکیلات بەشێک لە بەرپرسایەتییەکانی کاک سەید برایم لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەبات و تێکۆشانی ئەودا بوون.

کاک سەید برایم لە ماوەی زیاتر ٤٧ ساڵ پێشمەرگایەتیی خۆیدا نیزیک بە ٢٤ ساڵی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و لە قۆناغی سەختی بەرگریی پێشمەرگانەشدا لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی مەهاباد بەتایبەت ناوچەی شاروێران، ڕێگای سەرەکیی مەهاباد ورمێ، ناوچەی مەحاڵ، ناوچەی میرقاز، گەورکایەتی، مەنگوڕایەتی، دۆڵی شیخان، قەڵاتی شای، ناوچەی سپی‌سەنگ لە مەهاباد و هەروەها زۆر ناوچەی دیکەی پیرانشار و بۆکان بەشدار بوو و دەیان حەماسە و قارەمانەتیی بە ناوی خۆی بۆ حیزبەکەی تۆمار کرد. کاک سەید برایم هەروەها لە هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب لە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١دا خاتوو هاجەر زەرگە، هاوخەبات و هاوسەری ژیانیشی شەهید بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەرگی لەناکاوی کاک سەید برایم کەریمی، کادری بەئەزموون و لێوەشاوە و خاراوی دەیان ساڵەی خۆی بە خەسارێکی گەورە بۆ حیزب و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێ. بۆیە لەگەڵ دەربڕینی داخ و پەژارەی خۆی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی کاک سەید برایم و هەموو خەڵکی کوردستان دەکا. هاوکات ڕادەگەیەنێ کە پاداشتی هەموو ئەو فیداکاری و بەڕێکردنی نیزیک بە نیوسەدە لە ژیانی کاک سەید برایم لە سەنگەری تێکۆشانی نەتەوەییدا تەنیا بە درێژەدانی ڕێگاکەی و شەکاوەڕاگرتنی ئاڵای خەباتەکەی دەدرێتەوە. بەم بۆنەیەشەوە تێکۆشەرانی دێموکرات جارێکی دیکەش لەگەڵ گیانی کاک سەید برایم و هەموو شەهیدان پەیمان نوێ دەکەنەوە کە هەتاسەر درێژەدەری ڕێبازەکەیان بن و لەو پێناوەدا لە هیچ فیداکارییەک درێغ نەکەن.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێری

٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی