کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراو بەبۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ، ڕۆژی دەرکەوتنی ڕوخساری ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی دژی کورد و مافەکانی

14:07 - 28 گەلاوێژ 2725

ڕاگەیەندراو بەبۆنەی

٢٨ی گەلاوێژ، ڕۆژی دەرکەوتنی ڕوخساری ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی دژی کورد و مافەکانی

 

خەڵكی خۆڕاگری كوردستان!

حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەکان!

٢٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ ٤٦ ساڵ بە سەر فتوای خومەینی بۆ جیهاد دژ بە خەڵكی مافخوازی كوردستان و لەشكركێشیی حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی تاران بۆ سەر كوردستان تێ‌دەپەڕێت.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە کاتێکدا چاوەڕوان دەكرا بە داننانی حکوومەتی نوێ بە مافەکانی گەلانی ئێران و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی، سیاسی و مەدەنییەکانی هەموو جۆراوجۆرییەکانی ئێران، وڵات بەرەو سەقامگیری بڕوا و گەلانی ئێران لە بەری ڕەنج و قوربانیدانەکانی خۆیان بۆ سەرخستنی شۆڕش هەڵبگرنەوە؛ بەڵام هەر زوو حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ڕوخساری دزێو بەڵام ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا کرد. کوردستان یەکەم وێستگەی تاقیکردنەوەی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات‌گەیشتوو بوو، کاتێک کە وڵامی داخوازییە ئاشتیخوازانەکانی بزووتنەوەی سیاسی-نەتەوەیی کوردستانی بە فەرمانی جیهاد، سەپاندنی شەڕ، ناردنی "خەڵخاڵی"یەکان بۆ کۆمەڵکوژی و دەست‌ئاوەڵاکردنی "حەسەنی"یەکان بۆ ئاژاوەناوە و جینایەتە یەک لە دوای یەکەکانیان دایەوە.

ئەو شەڕەی ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٥٨دا بە فتوای خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی زەوی‌ و ئاسمانەوە بۆ سەر کوردستان دەستی پێ کرد، هەتا ئێستاش لە شێوە و جۆری جیاوازدا درێژەی هەیە. کوفرە گەورەکەی کورد کە لەسەر ئەو فیتوای جیهادی لەدژی درا و شەڕی بەسەردا سەپا ئەوە بوو زۆر زوو جەوهەری دەسەڵاتی نوێی لە تاران ناسی و ئامادە نەبوو ئەو ڕێژیمە بەڕەسمیی بناسێ. کوفرەکە ئەوە بوو خەڵکی کوردستان ئەو ماف و ئازادی و دەسکەوتانەیان دەویست کە بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخ خەباتیان بۆ کردبوو و ڕووبارێک خوێنیان بۆ دابوو. کوفرەکە ڕاوەستان لەبەرامبەر دەسەڵاتی ڕێژیمێکی داپڵۆسێنەر و "نا"گوتن بە توانەوە و بندەستی بوو. ئەوەش لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارەتیی تارانەوە گوناحێکی کەبیرە بوو کە کورد دەبوا تاوانەکەی بدا و لەوکاتەوە گەلی ئێمە ئەوە زیاتر لە چوار دەیەیە تاوانی ماف‌ویستی و ئازادیخوازیی خۆی دەدا. لە سۆنگەی ئەو شەڕە داسەپاوە بەسەر کوردستان و بەهۆی خۆڕاگری و بەربەرەکانی خەڵکی کوردستان و سووربوون لەسەر مافە ڕەواکانیان، بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان کوژراون، دەیان هەزار کەس دەسبەسەر و ڕاپێچی بەندیخانەکان کراون، ئەشکەنجە و ئازار دراون و تەنانەت هەزاران بەندیی سیاسی گیانیان لێ ئەستێندراوە. دەیان گوند لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان سووتێنراون یان بەزۆرەملی چۆل کراون، و بە هەزاران کەسیش زێد و نیشتمانی خۆیان بە ناچاری بەجێ هێشتوە و لە دوورە وڵاتی گیرساونەتەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم نەهامەتییانەدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی کوردستانی هێناوە، کوردستان سەنگەری هەرەپێشەوەی خۆڕاگری، کۆڵنەدان و بەرگریی ئازایانەی پێشمەرگەکانی کوردستان لە مافە ڕەواکانی کورد بووە. هەروەها پێداگریی خەڵکی کوردستان لەسەر مافە نەتەوەیی، سیاسی و مەدەنییەکان سەرەڕای تێچووی قورسی ئەو خەبات و خۆڕاگرییە کوردستانی کردوەتە قەڵای خۆڕاگری و هەروەها سەنگەری لەگیراننەهاتووی خەباتی دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی.

٢٨ی گەلاوێژ و ڕۆژیادی فیتوای خومەینی دژی نەتەوەی کورد دەرخەری دوو دنیابینیی جیاوازی کورد و کۆماری ئیسلامی و، هەروەها بەڵگەی بەرحەقی خەباتی کورد لە ئێران لەپێناو مافە نەتەوەیی و مەدەنییە ڕەواکانی لەدژی کۆماری ئیسلامییە. لە کوردستان خەڵک مافی نەتەوەیی و خودموختاریی خۆی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەیدا دەویست، مافێک کە دەیان ساڵ بوو خەباتی بۆ دەکرد و خوێنی بۆ دابوو. بەڵام ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ناوەندگەرێتیی و سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی بەسەر هەموو پێکهاتەکانی وڵاتی دەویست، ئەویش لەژێر دروشمی یەکڕیزیی ئیسلامیدا. وێژمانی سیاسیی کوردستان ڕوون بوو: دێموکراسی، ئازادژیان، هاوپێوەندیی نیشتمانی، سێکۆلاریزم، پلۆرالیزم، دابینبوونی ئازادییە مەدەنی و دێموکراتیکەکان، یەکسانیی ماف، نەمان و نەهێشتنی هیچ چەشنە هەڵاواردن و فەڕق و جیاوازیدانان، لاشەڕی و برەودان بە فەرهەنگ و هونەر. بەڵام ئەو بەها و بایەخانە لە قامووسی کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمەکەیدا مانایان نەبوو. ئەوان لەبیری ئیسلامی سیاسی و هەناردەکردنی بۆ وڵاتانی دیکەش بوون.

ئێستا دوای ٤٦ ساڵ هەم پێداگریی کورد لەسەر بایەخە دێموکراتیک و جیهانگیرەکانی و هەم سووربوونی کۆماری ئیسلامی لەسەر سیاسەتی شەڕهەڵایسێنی و قەیران‌خوڵقێنییەکانی ئەوەی کە خەریکە لە کۆتایی تەمەنی نزیک دەبێتەوە، ئەو ڕێژیم و دەسەڵاتەیە کە فتوای جیهادی بە دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و ئەوەش کە مایەوە و خۆڕاگرانە پێداگریی لە سەر مافەکانی خۆی کرد و بەردەوام بەرەوپێش چووە، بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی کوردستان و خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستانن.

سڵاو لە خۆڕاگریی خەڵک و سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان!

سەرکەوێ بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی کوردستان!

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی