
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بە دەرکردنی پەیامێک، سەرەڕای مەحکوومکردنی دۆخی کارەساتباری بەندیخانەی ناوەندیی تاران و قەرچەکی وەرامین، دۆخی ئەو دوو بەندیخانەیەی بە "نامرۆڤانە" لە قەڵەم دا.
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە لاپەڕەی فارسیی خۆیدا نووسیی: "ڕاپۆرتەکان باس لە چوونەسەرەوەی ڕێژەی زۆری بەندکراوان لەو دوو بەندیخانە، کەرەستەی ناپاقژ، نەبوونی ئاوی خاوێن و بێبەشبوونی بەندکراوان لە دەسپێڕاگەیشتنی دەرمانی دەکەن کە ئەوەش نموونەی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی تاران و قەرچەکە".
ئەو وەزارەتەی ئەمریکا هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی ڕاگواستنی بەندکراوان و کەڵکوەرگرتن لە ئەشکەنجەی ڕەوانیی دژی بەندکراوانی وەکوو پیشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤ زانی.
لەو پەیامەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەمریکا داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات "دۆخی مرۆڤانە" ڕەچاو بکات، ئیمکانی پێڕاگەیشتنی پزشکی و کەرەستەی پێویستی بەندکراوان دابین بکات و لە بەرانبەردا داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش کردووە کە ڕێژیمی ئێران ناچار بکەن لە بەرانبەر ئەو هەوڵە نامرۆڤانانەدا وڵامدەر بێت.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، هەواڵدرییەکان باسیان لەوە کردبوو کە بەرپرسانی بەندیخانەی ژنانی قەرچەک بە سەرۆکایەتیی "سوغرا خودادادی" بە بیانووی بڕینی کارەبا، ئاو و داخستنی چێشتخانەی بەندیخانە، بەندکراوانیان لە دانی نان و دابەشکردنی دەرمان بێبەری کردووە.