کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان بە هاوکاریی کۆمیتەکانی فەرانسە، سویس و هولەند

01:19 - 30 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، بە بۆنەی ۲٥ی گەلاوێژ، یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە بەشداریی کۆمیتەکانی فەرانسە، سویس و هولەند، هەرەوها ئەندامان، لایەنگران، دۆستانی حیزب و جەماوەرێکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی وڵاتانی دەوروبەر ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی لە شاری کۆڵن بەڕێوە برد .

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لەلایەن کۆڕی هونەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

کاک سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ئاڵمان بەخێرهاتنی ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە ئاڵمان و کۆمیتەکانی وڵاتانی دیکە لە جێژنەکە و میوانانی کرد .

دواتر بەڕێز کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی بەبۆنەی ۲٥ی گەلاوێژ، یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرد .

بەڕێزیان لە پەیامەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە بڕگە جیاجیاکانی خەباتی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵەی ژێکافەوە تا ئەمڕۆ، بەشێکی گرینگ لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵات بە ڕێبەری حیزبی دێموکرات وەک دامەزرانی کۆماری کوردستان، دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە و پەرەسەندنی چاپەمەنی و بڵاڤۆک بە زمانی کوردی لەو سەردەمەی وەبیر بەشداربووان هێنایەوە.

بەڕێز عەزیزی لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا پێداگریی لەسەر هاوخەباتی لەگەڵ نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران کرد و ئاماژەی بە پێویستیی سازبوونی بەرەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت ئازەرییەکان لەو پەیوەندییەدا کرد.

کاک خالید عەزیزی و کاک مەولوود سوارە بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەکانی بەشداربوو، لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە هونەرمەندی تێکۆشەر کاک حەسەن دەرزی کرد.

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی "هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاڵمان" بە بۆنەی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لەلایەن کاک حیسام ئەحمەدی بەرپرسی ئێستای ئەو پلاتفۆرمە کوردستانییەوە خوێندرایەوە.

دواتر پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران بەو بۆنەوە لەلایەن  بەرپرسی تەشکیلاتی یەکیەتیی ژنان خاتوو "چیمەن بارام میرزا"وە پێشکەش کرا .

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا کاک حیسام ئەحمەدی بە نوێنەرایەتیی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ، بەخێرهاتنی هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکانی کرد کە بە پەیامی پیرۆزبایی و چەپکەگوڵەوە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەدا کردبوو. ئەو لایەنانە بریتی بوون لە :

ـ هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاڵمان کە نزیک بە ١٥ لایەنی سیاسی لە هەر چوار بەشی کوردستان تێیدا ئەندامن.

ـ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان

ـ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان

ـ  پارتییا سۆسیالیستا کوردستانێ PSK

ـ پارتییا یەکیەتیا دێموکرات PYD

ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ـ  پارتیا دێموکراتا کوردستانا سوریە PDKS

ـ پارتیا دێموکراتا کوردستان/ باکور

ـ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK

ـ کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ـ پارتی ئازادی کوردستان PAK

ـ پارتییا پێشوەرۆیا کوردستانا سوریە

ـ کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ـ پارتیا دێموکراتا کورد لە سوریە (الپارتی)

ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ـ پارتییا وڵاتپارێزێن کوردستانێ PWK

کۆمەڵە کوردییەکان و NGO کان :

ـ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی - بۆن

ـ بزووتنەوەی ئاشتیی ناوخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ـ ئەنجومەنی هەماهەنگی

ـ  ڕێکخراوی جیهانی کورد

ـ کوردپا

ـ یەکییەتیی نووسەرانی کوردستانی سوریە

ـ کۆمکار

ـ حزب مردم بلوچستان

ـ جنبش آزادیبخش بلوچستان

ـ حزب چپ ایران

ـ حزب کمونیست کارگری ایران

دوابەدوای پەیامەکان، شێعرێکی حەماسی لەلایەن بەڕێز حەسەن لاوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا و هەروەها لەلایەن ڕەحمان حەیدەری و ئانیتا فارابییەوە شێعر و پەخشان پێشکەش کرا .

پاشان هونەرمەند حەسەن دەرزی بۆ یەکەم جار سروودی گەڵاوێژی بەبۆنەی ٢٥ی گەڵاوێژ پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

بڕگەی کۆتایی ڕێورەسمەکە بە گۆرانیی هونەرمەندان کاک حەسەن دەرزی، ڕەشید فەیزنژاد، ئارش غەریب، سەلاح ڕەهگوزەر و سیروان ڕەحمانی، بە هاوکاریی سۆران ڕەحمانی و ساکۆ وەک ژەنیار بە هەڵپەڕکێ تا درەنگانی شەو درێژەی هەبوو.