
ڕەزا دانشجوو
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتێکدا هەشتا ساڵەی دامەزراندنی جێژن دەگرێ کە سەرەڕای هێندێک کێشە و کەموکوڕی بە تێپەڕبوونی لە دەیان قەیرانی گەورە و جۆراجۆر توانیویەتی وێرای پاراستنی سەربەخۆیی فیکری و سیاسی خۆی نوێنەرێکی شایستە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ڕوای ڕۆژهەڵات بێت. ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە مانای نەدیتن و چاوپۆشی لە کێشە و کەموکوڕییەکان یان هەندێک بڕیاری هەڵە لەم ڕێبازە هەشتا ساڵەیەدا نیە کە هەر لایەنێکی دیکەی سیاسیش لە هەشتا ساڵ خەباتیدا دەتوانێت تووشی هاتبێت! بەڵام سەڕەڕای ئەمانە دەبێت بگوترێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی ناوازەیە کە دەبێتە هۆی جیاکردنەوەی لە زۆر حیزب و ڕەوتی سیاسیی تر! لە درێژەی ئەم باسەدا سەرنج دەخرێتە سەر تاقمێک لەم تایبەتمەندیانە.
پاشخانی مێژوویی ناوازە
دەکرێت بگوترێ کە نەک هەر لە جوغڕافیای ئێران بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا کەم لایەن و حیزبی سیاسی هەیە کە پاشخانی مێژوویی حیزبی دێموکراتی کوردستانی هەبێت. ئەگەریش دەگمەن حیزب و لایەنی سیاسی هەبێت کە مێژووی بگەرێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، بۆ نموونە وەک حیزبی توودە ئێستا تەنیا لە لاپەڕەکانی مێژوودا دەدۆزرێنەوە! نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە نهێنیی ئەم هەمیشەییبوونە لە سروشتی جەماوەری و بنکەی کوردایەتیی حیزبی دێموکراتدایە. هەر ئەو حیزبە توودەیەکە سەردەمانێک گردبوونەوەی دەیان هەزار کەسی ئەنجام دەدا، ئێستا تەنانەت ناو و نیشانی بۆ زۆرێک لە خەڵکی ئێران بە تایبەت لاوەکان نامۆو نەناسراوە! لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات تەمەندرێژی و مانەوەی خۆی قەرزاری بنکە جەماوەریی و متمانە و بڕوایی کۆمەڵگەی کوردستانە.
حیزبی دێموکرات وەڵامێک بۆ داواکارییەکیی جەماوەری
ڕەنگە ئەمە گەورەترین و گرنگترین جیاوازیی نێوان حیزبی دێموکرات و زۆربەی لایەن و حیزبە سیاسیەکانی تر بێت. حیزبی دێموکرات هەڵقوڵاوی کانیی ئازادیخوازی و مافخوازی کۆمەڵگەی کوردستان و وەڵامێکە بە بانگەوازێکی جەماوەریی کۆمەڵگەیەکی ساڵیان بندەست و سەرکوتکراو بۆ گەێشتن بە مافی ڕەوای و ژیانێکی ئازاد و سەربەخۆ! بێگومان پشتیوانیی خەڵکی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە بۆ پێشەوای نەمر تا ئەمڕۆ، قووڵایی ئەو نزیکییە نیشان دەدات. لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات بۆ داڕشتن و تیۆریزەکردنی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەیەکی مودێڕن و پێشکەوتوودا دامەزرا. بەراورد بە ئەم شێوە لە دامەزرانە دەتوانرێ ناوی تاقمێک پارتی دەستووری و حکومەتیی وەک حیزبی "ڕەستاخیز" لە سەردەمی پەهلەوی یان پارتی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی ڕژێمی وەلایەتی فەقیهـ وەک حیزبگەلێکی کاغەزی و تەواو بێدەسەڵات بهێنرێت کە لە ڕاستیدا تەنیا بۆ سەپاندنی ئیرادەی حکومەت و ڕواییدان بە بڕیارەکانی حاکمییەت پێکهێنران. جۆری دووهەم دەتوانین ئاماژە بەم حیزب و ڕەوتە سیاسیانە بکەین کە لە ڕاستیدا خۆیان هەڵگری هیچ ئەجێندایەکی سیاسی نەبوون و تەنیا کاربەڕێکەر و جێبەجێکەری ئیرادەی سیاسیی وڵاتانی بیانی بوون. بێگومان نمونەی گەورەیان حیزبی توودەیە کە تەواوی ئاڕاستە و بڕیاردانیان بە تەواوی لەژێر کاریگەریی حکوومەتی سۆڤیەت بوو! لە ڕاستیدا ئەوە سەرکردەکانی سۆڤیەت بوون کە هێڵ و ئاراستەیان بە حیزبی توودە دەدا.
زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا
مێژووی هەشتا ساڵەی حیزبی دێموکرات پڕە لە چرکەساتی سەخت و هەناسەبڕ کە دەتوانێت بۆ هەر حیزب و ڕەوتێکی سیاسی بە مانای کۆتایی ژیان و مردنی سیاسی بێت! ڕووخانی کۆماری ساوا و تازەلاوی کوردستان و لەسێدارەدان پێشەوا و هاوڕێیانی و سەرکوتکردنی دڕندانەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی تازە دامەزراوی دێموکرات دەکرا کۆتایییەکی پێشوەختە بێت بۆ تەمەنی کورتی حیزبی دێموکرات! بەڵام حیزبێک کە ڕەگ و ڕیشەی لەنێو خەڵکدا داکوتاوە و لە بنەڕەتدا وەڵامێکە بۆ داواکارییەکانیان، لە هەر دەرفەتێک بۆ زیندووبوونەوە و بووژانەوە کەڵک وەردەگرێت. هەر بەم هۆیەشەوە، دوای ساڵانێک لە شەهیدبوونی پێشەوا، ژمارەیەک گەنج کە ڕەنگە تەنانەت چاویان بە پێشەواش نەکەوتبێت، جارێکی دیکە کۆ دەبنەوە و حیزبی دێموکرات ڕێکدەخەنەوە. لە ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ و لە کاتی کۆنگرەی چوارەمی حیزبدا، مەترسییەکی گەورە جارێکی دیکە هەڕەشە لە بوون و نەبوونی حیزبی دێموکرات دەکات. حیزبی توودە کە بە هۆی پشتیوانیی بەربڵاوی سۆڤیەت خاوەنی تەشکیلاتی زەبەلاحە بیر لە داسەپاندنی هەژموونی فیکری و ئایدۆلۆژی خۆی بەسەر حیزبی دێموکراتدا دەکاتەوە. بەداخەوە هەندێک ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات بە هەر هۆکارێک لەژێر کاریگەریی حیزبی توودە دان و یارمەتیدەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەوان! بەڵام ڕێبەری کاریزماتیک دوکتور قاسملوو و بێگومان بنکەی جەماوەریی حیزبی دێموکرات ڕێگرن و ئیزن نادەن تا پلانی ناحەزانی کوردستان سەر بگرێت و سەربەخۆیی فیکری و سیاسی حیزبی دێموکرات وەک خۆی دەمێنێتەوە! سەرسوڕهێنەرە، بەڵام وەک پێشووتر گوترا لەو حیزبە زەبەلاحە کە ڕۆژگارێک دەیهەویست حیزبی دێموکرات بەخاتە ژێر دەسەڵات خۆی جگە لە ناوەکەی لە لاپەڕەکانی مێژوودا هیچ نەماوە، بەڵام حیزبی دێموکرات خۆی بۆ یادی هەشتا ساڵەی دامەزراندنی ئامادە دەکات! شەڕی چەکداریی داسەپاو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و جێهێشتنی بەناچاری شارەکان و پەنابردن بۆ شاخ، نەتەنیا بچووکترین بۆشایی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا دروست ناکات، بەڵکو تەنانەت بنکەی جەماوەری حیزبی دێموکرات زۆر بەهێزتر دەکات. لەم نێوەندەدا ڕووداوێکی تری تاڵ ڕوودەدات: لێکدابڕان و جیابوونەوە! حیزبی دێموکرات ئەم قوناغە و ئەم بستوو و گەردەنە مەترسیدارەش بە سەلامەت تێپەڕدەکات، نەک جارێک و دووجار, بەپێی هەندێک گێڕانەوە سێ جار! هەرچەند ئاشکرایە بەداخەوە تێپەڕاندنی هێچ یەک لەم قوناغە مەترسیدارانە بێ تێچوو نەبووە و تەنانەت باسکردنیان دوای ساڵیان ڕووح و گیانی هەر نیشتیمانپەروەرێکی کورد ئازار ئەدات، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە حیزبی دێموکراتە کە زیندوو و لەسەرپێیە و زۆر هیوادارتر لە ڕابردوو دەچێتە دەیەی نۆیەمی ژیانی سیاسیی خۆیەوە.
سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی کە تا ئێستا باس کران، نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە حیزبی دێموکرات لە دەیەی نۆیەمی خۆیدا ڕووبەڕووی زۆر ئالەنگاریی گەورە بووەتەوە، کە پشتگوێخستنیان دەتوانێت زیانێکی قەرەبوونەکراو نە تەنیا بە حیزبی دێموکرات بەڵکوو تەنانەت بە ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کورد لە ڕۆژهەڵات بگەیەنێت. لە درێژەی هەندێک لەم ململانێیانە بە کورتی دەخرێنە بەر باس.
جیاوازیی نەوەکان و زمانی گفتوگۆ
هەرچەندە هەشتا ساڵ پاشخانی سیاسی و خۆڕاگری و مانەوە وەک یەکێک لە تایبەتمەندیی ناوازەکانی ژیانی سیاسی حیزبی دێموکرات هەژمار دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانێت هۆکاری سەرهەڵدانی تاقمێک کێشە و گیروگرفتی تایبەت بێت. ئێستا لەنێو ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا چەند نەوەی تەواو جیاواز هەن کە هەریەکەیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە سیاسەت و ئەجێندای سیاسیی حیزبی دێموکرات لێک دەدەنەوە. لە پەنا کۆمەڵێک کەسایەتیی دیاری سیاسی کە هاوڕێ و هاوخەباتی دوکتور قاسملوو بوون, تاقمێک گەنج هەن کە دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لەدایک بوون و...! ئاشکرایە ئەو ئامراز و میدیایانەی کە لە لایەن ئەم کەسانەوە بەکاردەهێنرێن چەندە دەتوانن جیاواز بن! ئەو زانیاریانەی پێشکەش بەم دوو نەوەیە دەکرێت دەتوانن چەند جیاواز بن! لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ کە ئەگەرچی بوونی جیاوازیی نەوەکان لە حیزبی دێموکراتدا نیشانەی دینامیزم و زیندوویی ئەم حیزبەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا نەبینینی و پشتگوێخستنی لە پرۆسەی پلاندانانی حیزبی دێموکراتدا دەتوانێت زۆر زیانبەخش بێت!
جوغڕافیایەکی نائارام و ئەرکی مێژوویی حیزبی دێموکرات
خێرایی ڕووداوەکان بە تایبەت لە چەند مانگی ڕابردوودا ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ تاقمێک گۆڕانکاری بنەڕەتی نەک تەنیا لە ئێران بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک حیزبی دایک، دەتوانێت هەم لە جوغڕافیای کوردستان و هەم ئێراندا ڕۆڵێکی بنەڕەتی بگێڕێت. بنکەی جەماوەریی حیزبی دێموکرات دەتوانرێت وەک کارتی بڕاوە و دەسەڵاتی موزایەدە لە دانوستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا کەلکی لێ وەربگیرێ. جگە لەوەش حیزبی دێموکرات لە مێژووی سیاسیی خۆیدا، چ لە جوغڕافیای کوردستان و چ لە ئێراندا، هەمیشە پێشەنگ بووە لە پێکهێنانی هاوپەیمانی سیاسی جۆراوجۆردا. ئەم ڕۆڵە شوێندانەر و چارەنووسسازە دەتوانێت بۆ داهاتووی کوردستان زۆر گرنگ بێت.
دەیەی نۆیەمی ژیانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەیەی پێشکەوتن و بەرەوسەندن و گەیشتن بە شوێنی مەبەستە. کەلکوەرگرتن لە هەموو ئەو توانا و ئامرازە ناوازانەی کە لە بنەڕەتدا حیزبی دێموکرات لەسەری دامەزرا، دەتوانێت کۆتایی هینەری ساڵانی داگیرکاری لە کوردستان بێت! دەسپێکی ژیانی تازە بۆ کۆمەڵگەی ماندوو لە سەرکوت و بندەستی و خوێنێکی تازە لە دەمارەکانی ڕوژهەڵات! سەرەتای سەردەمێکی نوێی شکۆمەند! گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات و نمایشی شەرەف لەبەردەم خەڵکی کوردستان و پێشەوای شەهید!