کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندی پێیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە سێمیناری پارتی ئینهێدس لیستنی دانمارک

17:05 - 2 خەرمانان 2725

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی یەکی خەرمانان، پارتی لیستی یەکگرتوو "ئینهێدس لیستن" سێمینارێکی بۆ  بەڕێز "سۆرەن ئۆستەگۆ" ئەندام پارلەمانی ئەو حیزبە، لە شاری هۆرسێنس پێک هێنا کە نێوەڕۆکەکەی لە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داهاتووی کورد لە ناوچەکەدا بوو.

شاندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە هەژار دەشتی، بەرپرسی پێوەندییەکان و دانا ئەلیاسی، ئەندامی کۆمیتەی پێوەندییەکانی حیزب لە دانمارک، بەشداریی ئەو سێمینارە بوون و لەلایەن ئۆستەگۆ و ئەندامانی ئەو پارتە پێشوازیی گەرمیان لێ کرا.

سۆرەن ئۆستەگۆ باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردستان پێشکەش کرد و ڕۆڵی کوردی لە شەڕی دژی تێرۆر و هەروەها تێکۆشان بۆ دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکانیان بەرز نرخاند.

ناوبراو باسی لە هەوڵە تێکدەرەکانی ڕێژێمی ئێران لە ناوچەکەدا کرد و هەروەها پەرژایە سەر گرینگییەکانی پشتگیریکردن لە ئۆپۆزیسیۆنی دێموکرات بەتایبەتی کورد، لە دژی ڕژێمی تاران.

لە دوای سێمینارەکە، شاندی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەم ئەندام پارلەمانەی وڵاتی دانمارک کۆ بوونەوە و لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت لە سەر کارو پرۆژەی هاوبەش کرا.

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا کە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی دیکە لە پارلەمانی دانمارک بۆ تاوتوێکردنی چالاکییە هاوبەشەکان بەڕێوە بچێت.