
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی یەکی خەرمانانی ١٤٠٤، سێمینارێکی زانستی لە سەر ناوی "کورد لە نێوان نەزمی نوێی جیهانی و پێوەندییە نێونەتەوەییەکانەوە بۆ دەرفەت و توانستەکان"، لە لایەن کۆمەڵێک خوێندکاری کوردەوە لە دانمارک بۆ بەڕێزان "نامۆ پیران" و "تەها رەحیمی"، بەڕێوە چوو.
لەم سێمینارەدا سەرەتا نامۆ پیران، چالاکی سیاسی و پسپۆڕی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان، لە سەر نەزمی جیهانی پاش شەڕی جیهانیی دوویەن قسەی کرد.
پیران بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم نەزمە لە ڕوانگەیەکی لیبێراڵییەوە پێی گرتبوو، لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم نەزمەی خستە بەرباس و پاشان جێگە و پێگەی کوردی لە توێی ئەم ڕێکخستنە و بەدیاریکراویش ڵە جیهانی دوو جەمسەری و تاک جەمسەری شی کردەوە.
ناوبراو دۆخی کورد و قوربانیبوونی بە هۆی ئەم نەزمە جیهانییەوە خستە بەرباس.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا پەرژایە سەر ئەم نەزمە نوێیەی کە پاش ڕووداوی ٧ی ئۆکتوبەری ٢٠٢٣ی زاینیی هاتووەتە ئاراوە و خەریکە ناوچەکە دەگۆڕێ و بە بابەتێکی ئەرێنی بۆ دۆزی کورد لێکی دایەوە.
گۆڕانی ژیۆپۆلێتیکی لە رۆژهەڵاتی نیوەڕاست و ململانێی رێڕەوی ئابووریی زەنگەزوور کە بە جۆرێک لە جۆرەکان نەزمی داهاتووی ناوچەکە یەکلا دەکاتەوە بەشێکی دیکەی باسەکەی نامۆ پیران بوو.
لە پانێلی دوویەمدا، تەها رەحیمی، چالاکی سیاسی و خوێندکاری پێوەندییە نێونەتەوەییەکان، لەسەر تیۆرییەکانی پێوەندیی نێودەوڵەتی قسی کرد و هەڵسوکەوتی سیاسیی داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها دژکردەوەی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانی بەگوێرەی تیۆرییەکانی "ڕیالیزم، ئایدیالیزم و کۆنستراکتیڤیزم" لێک دایەوە.
ڕەحیمی بە گوێرەی ئەم تیۆرییانە باسی لە چۆنێتی رۆڵگێڕانی رێکخراوی سیاسیی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان کرد و کەم و کووڕی یان خاڵە بەهێزەکانی کوردی خستە بەرباس.
پاشان ناوبراو هێزی ڕەق و هێزی نەرمی لە ململانێی نێوان دەوڵەتان هێنایە بەر باس و لەم پێوەندییەشدا هێزی ڕەق و نەرمی کوردی هەڵسەنگاند و جەختی کردەوە کە لە هەر پارچەیەکی کوردستان بەگوێرەی هەلومەرج، کورد توانیویەتی هەرکام لەم دوو هێزە لە قازانجی سەرخستنی دۆزەکەی بەکار بێنێ. ئەم خوێندکارە لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە بزووتنەوەی ژینا و بڕشتی وێژمانی سیاسیی کورد و زاڵبوونی ئەم وێژمانە لە سەرانسەری ئێران سەبارەت بە پێگەی ژن، بابەتی ئازادی و هەروەها ژیانی شیاو بۆ مرۆڤ کرد و لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان توانیویەتی لە بەکارهێنانی هێزی نەرم لەهەمبەر داگیرکەردا سەرکوتوو دەرکەوێ.