
هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکانی ڕێژیم پاش کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە بەندیخانەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
ئەم کەمپەیەنە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەرمانان لە ٨٣ـەمین حەفتەی بەردەوامبوونی خۆیدا لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی ١٦٦ کەس تەنیا لە مانگی گەلاوێژدا نووسیویەتی: "لە ئیرانی ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێدا، ماشینی سێدارە بە بەردەوامی و بێڕەحمانە خەریکی قوربانی گرتنە".
بەیاننامەکە زیادی کردووە کە تەنیا لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٣١ کەس لە سێدارە دراون کە یەکێکیان ژن بووە و هەروەها دوو کەسیشیان لە شوێنە گشتییەکان و لە پێش چاوی خەڵکەوە لە سێدارە دراون و جەختیشی کردووەتەوە کە ڕێژیم لە هەوڵدایە تاکوو لە ڕێگەی ئەم جۆرە هەوڵانەوە، توندوتیژی ئاسایی بکاتەوە و کۆمەڵگە تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بکات.
کەمپەینەکە بە پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی پەیوەستبوونی کۆمەڵێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی "دێهدەشت" بە کەمپەینەکە لەم حەفتەدا، زیادی کردووە کە هیچ شوێنێکی ئێران نییە کە لە سێبەری سێدارە بێبەش کرابێت.
بەیاننامەکە لە بەشێکی دیکەدا بە ئاماژەدان بە لەنێوبردنی پارچەی ٤١ی بەهەشتی زەهرای تاران و کرانی بە پارکینگ کە شوێنی ناشتنی هەزاران لەسێدارەدراوی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بوو ڕایگەیاندووە کە ئەم هەوڵە بێشەرمانەیە بۆ سڕینەوەی بیرەوەرییەکانی کۆمەڵگە و ئاسەوارەکانی تاوانی حکوومەتە و جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم هەوڵە بێڕێزییەکی ئاشکرایە بە بنەماڵەی قوربانیان و لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییەوە مەحکووم کراوە.
ئەم کەمپەینە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا بۆ جارێکی دیکە وەک حەفتەکانی ڕابردوو جەختی کردووەتەوە کە لەسێدارەدان چارەسەر نییە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیانە و هەروەها داوای لە هەموو دامەزراوە نێونەتەوەیی، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و هەموو ویژدانە نەنووستووەکان کردووە کە لەهەمبەر ئەم "بازنەی مەرگ"ـە بووستنەوە و دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران لەم ڕەوتە بڵاو بکەنەوە.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە بە مانگرتنی ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی لە چەند بەندیخانەی ئێران دەستی پێ کردووە و لە ئێستادا لە حەفتەی ٨٣ـەمی خۆیدا بە پەیوەستبوونی ٥٠ بەندیخانە لە سەرتاسەری ئێران بە مەبەستی ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکانی ڕێژیم بەردەوامە.