
وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک خالید عەزیزی بەمەبەستی چەند چالاکییەکی سیاسی و دیپلۆماسی ڕۆژی هەینی ٧ی خەرمانانی ١٤٠٤٠(٢٩/٨/٢٠٢٥) گەیشتە ئوسترالیا و لە یەکەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بەشداریی وتوێژێکی لەگەڵ ڕادیۆی کوردی ئێس بی ئێس لە شاری سیدنی کرد.
لەم وتوێژەدا کاک خالید ڕایگەیاند مەبەستی لە سەردانەکەی بۆ ئوسترالیا "دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە و هەروەها ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتیی خەڵکی ئوسترالیا و بەرپرسانی سیاسیی ئەم وڵاتە بۆ لای مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتە بەتایبەت ئێستا کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پڕ کێشەیە و تووشی ئاڵۆزی بووە".
وتەبێژی حیزبی دێموکرات هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزییەکان و ئاژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زانی و لە درێژەدا بایەخی بە بڕیاری دەوڵەتی ئوسترالیا دا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانی لە سیدنی وەدەر ناوە و پێوەندیی دیپلۆماسیی خۆی لەگەڵ ئێران هەڵپەساردووە.
بەڕێز عەزیزی لەوەیکە دەوڵەتی ئوسترالیا لە بەرنامەیدایە سپای پاسداران بخاتە لیستی تێرۆرەوە خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و وتی: ئەو هەنگاوە پەیامێکی ڕوونە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئیتر ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران نەدەن لەنێو خاکی ئەواندا کردەوەی تێرۆریستی بەڕێوە بەرێت.
کاک خالید لە وڵامی پرسیارێکی ڕادیۆی ئێس بی ئێسدا کە ئایا ئێوە یادی ژینا ئەمینی لەنێو پارلەمانی ئوسترالیا دەکەنەوە و هەروەها گیانلەدەستدانی "ژینا" و ئەو بزووتنەوەیە کە بەهۆی ئەو ڕووداوەوە هاتە ئاراوە چۆن هەڵدەسەنگێنن و چ پەیامێکی هەبوو؟ وتی: گیانلەدەستدانی ژینا بەهۆی کردەوەی دژەمرۆیی هێزەکانی ڕێژیم بوو کە لە ئاکامدا بووە هۆی ڕاپەڕینێک کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و پەیامی ئەم جووڵانەوەیە بۆ وەدیهێنانی مافەکانی ژنان و مافی دێموکراتیکی خەڵکی ئێران و پەیامی هاودەنگی و هاوپەیمانیی گەلانی ئێران بووە دژی کۆماری ئیسلامی و لە کوردستانەوە بە سەرکەوتوویی خۆی نواند و لە ئێرانیش تا ڕادەیەک هاواهەنگیی لەگەڵ بوو، ئێستاش کە یادی دەکەینەوە بیرۆکە و ئامانجەکانی بەردەوام دەچێتە پێشێ.
پەیامێکی گرینگی دیکەی ئەو جووڵانەوەیە ئەوەبوو کە ئەگەر ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی نەتوانن یەک بگرن بیرۆکەکانی ئەم جووڵانەوەیە و جووڵانەوەکانی تریش لە مێژوودا ون دەبن بۆیە پێویستە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکگرتوو بن و پەیامە ڕاستەقینەکەی ئەوەیە کە ئێمە چۆن یەک بگرین".
کاک خالید عەزیزی لە درێژەدا وتی: "ئەوەندی لەسەر شانی حیزبی ئێمەیە ئەوەیە کە هەوڵ دەدەین لەگەڵ هەموو موخالیفانی تری کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک بگرین، کارێکی ئاسان نییە بەڵام سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە لەگەڵ موخالیفانی ڕێژیم لێکحاڵیبوون هەبێ، تەوافوق هەبێ و لێک تێبگەین و شتەکە پێوەندی بە داهاتوو هەبێت و لە کێشەکانی کۆندا نەوەستین و هێندێک تەوافوقمان هەبێت و کۆتا بێین. ئەگینا ئەگەر جووڵانەوەی دیکەش بێتە ئاراوە ڕەنگە هیچ نەتیجەیەکی نەبيت و فەرامۆش بکرێ، ئەوە وانە و پەیامێکە کە من دەتوانم لە شۆڕشی ژینا وەریگرم. هیواخوازیشین خەڵکی نێوخۆ کە ئوپوزسیۆنی ڕاستەقینەن یەک بگرن".
هەروەها بەڕێز عەزیزی لە بەشێکی دیکەی وتوێژەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد "ئێمە وەک ئوپوزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران بتوانین یەکگرتوو بین و هەموو و تەنوەعات و تەیفە جۆراوجۆرەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران بە هەر بیرو بۆچوونێکی سیاسییەوە ئەگەر بتوانن یەک بگرن و شتێکیان هەبێت و بڵێن ئەگەر ئەو دەسەڵاتە نەما ئەوە ئێمەین کە دەتوانین ببینە نیزامی داهاتوو. ئەوە ئەو پەیامەی بۆ خەڵکی نێوخۆ هەیە کە ئەگەر ئەو ڕێژیمە ڕووخا ئەدی کێ دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی خەڵک و ئەو پەیامەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە کە ئەگەر ئەو ڕێژیمە ڕووخا ئاڵۆزی نایەتە ئاراوە و ئاڵتەرناتیڤ هەیە. بەباوەڕی من ئەم خاڵانە گرینگن و ئوپوزسیۆن بەم پێیە دەتوانێت ببێتە سیستمێکی جێگرەوە لە جێی ئەو نیزامە".