کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید

16:01 - 8 خەرمانان 2725

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٧ی خەرمانانی ١٤٠٤ (2025/8/29ی زایینی)، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ڕێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید بە هاوکاریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری "وێسترۆس" پێک هات.

ڕێوڕەسمەکە دوای بەخێرهێنانی بەشداران، بەتایبەت نوێنەرانی حیزب و لایەنە کوردستانی و ئێرانی و سویدییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامە "ڕێناس محەممەدیان" و " قادر مێهفەر" بە زمانەکانی کوردی و سویدی و بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد. پاشان یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیاندرا.

پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، لەلایەن "نەبەز عەلیدووست" بەرپرسی کۆمیتەی گشتییەوە خوێندرایەوە.

دواتر کورتەیەک لە پەیامی کۆمیتەی ناوەندی بە زمانی سویدی لە لایان ڕێناس محەممەدیانەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی کومیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستان لەلایەن "خەلیل حاجی"ـیەوە خوێندرایەوە.

پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان، خوێندکاران و لاوان لەلایان "شلێر حەسەنپوور" بەرپرسی کومیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە سوید خوێندرایەوە.

پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بەو بۆنەوە لەلایەن "جەمیلە حەسەنخاڵی"ـەوە بە زمانی فارسی خوێندرایەوە.

شایانی باشە داوەتنامەی ئەو یادە پیرۆزە بۆ حیزب و لایەنە کوردستانی، ئێرانی و سویدییەکان ناردرابوو. ئەو حیزب و لایەنانەی خوارەوە پەیامیان ناردبوو، کە وێڕای سپاس بۆ پیرۆزباییەکانیان لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەوە نێویان خوێندرایەوە.

ئەو حیزب و لایەنانە بریتی بوون لە

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان، لێژنەی ناوچەی سوید

ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کومیتەی سوید

ـ نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات

- نوێنەرایەتیی موجاهیدینی خەڵق

ـ پارتی سەربەستیی کوردستان، کومیتەی سوید

ـ پارتی دێموکراتی پێشڕەو-سووریا

ـ پارتی دێموکراتی کورد لە سووریا

ـ پارتی وەڵاتپارێزانی کوردستان

ـ پەیامی ڕادیۆی ئاشتی

ـ پەیامی بەڕێز مەلا محەممەد خزری، کادری پێشووی حیزب و خەباتکاری ڕاپەڕینی ٤٦-٤٧.

ـ بەڕێز کەیا ئیزۆڵ.

بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە تایبەت بە بەشی هونەری بوو. لەو بەشەدا هونەرمەندانی دەنگخۆش؛ "کاوە حەداد"، "باوان کەریمی" و "میکائیل" بە پێشکەشکردنی چەند سروود و گۆرانیی شۆڕشگێڕی کەشێکی پڕ لە شادییان بە شەوەکە دا.