کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٨٥ـەمین حەفتە بە پەیوەستبوونی ٥٢ بەندیخانە

17:45 - 18 خەرمانان 2725

کەمپەینی سێشەممەکانی "نا بۆ لەسێدارەدان"، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانان بە پەیوەستبوونی بەندیخانەی "سەبزەوار" لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، بە ٥٢ بەندیخانە لە سەرتاسەری ئێراندا، چووە نێو ٨٥ـەمین حەفتەی بەردەوامبوونی خۆی لە مانگرتنی بەندکراوان.
ئەم کەمپەینە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە کە ڕێژیم بۆ جارێکی دیکە بە لەسێدارەدانی دژەمرۆڤانەی "مێهران بەهرامییان"، سەرەڕای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، هەموو ویژدانە ئاگاکانی کۆمەڵگەی بریندار کرد.
بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە مانگرتنی دووکانداران و خەڵکی مافخوازی سێمیرۆم لەهەمبەر لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕایگەیاندووە، ئەم هەوڵە نیشاندەری ئەوەیە کە خەڵک لەهەمبەر تاوانەکانی ڕێژیم بێدەنگ نابێت و تا گەیشتن بە مافەکانیان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبن.
کەمپەینەکە زیادی کردووە کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە تاکوو ئێستا، ٩٢ بەندکراوی لە سێدارە داوە کە چوار کەسیشیان ژن بوون و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا ٤٦ کەس لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوییەوە لانیکەم ٧٥٦ کەسی لە سێدارە داوە.
ئەم کەمپەینە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا و بە ئاماژەدان بە پێوەستبوونی بەندیخانەیەکی دیکە لەم حەفتەدا بە مانگرتنەکە، ڕایگەیاندووە کە ئەندامانی کەمپەینەکە لەسەر ئەو بڕوایەن کە "سێدارە"، ئامرازێکە بۆ پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ و سەرکوتی ئازادییەکان و هەروەها بۆ جارێکی دیکە خوازیاری ڕاگرتنی بەپەلەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بوون.
کەمپەینەکە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە بە مانگرتنی ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی لە چەند بەندیخانەی ئێران دەستی پێ کرد و لە ئێستادا لە حەفتەی ٨٥ـەمی خۆیدا بە پێیوەستبوونی ٥٠ بەندیخانە لە سەرتاسەری ئێران بە مەبەستی ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکانی ڕێژیم بەردەوامە.