
عومەر باڵەکی
لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاویدا، کاتێک ڕێژیمی پاشایەتی ڕووخا، گەلانی ئێران بە هیوای دامەزرانی نیزامێکی نوێ بوون کە ببێتە جێگرەوەی نیزامی پاشایەتی، کە لەو نیزامە نوێیەدا بەپێی ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکان ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران پارێزراو بێ. غافڵ لەوەی کە خومەینی و دارودەستەکەی نیازیان ئەوەیە سواری شەپۆلی ئیحساساتی خەڵک بن و ئەوەی خۆیان لە بیرو ئەندێشەیان دایە، بیخەنە نێو دووتووێی بە ناو یاسای بنەڕەتی ئێران، ئەویش دامەزراندنی حکوومەتێکی دینی لەسەر بنەماکانی شیعەی باوەڕدار بە ویلایەتی ڕەهای فەقی بوو، کە لەو باوەڕ و ئایدۆلۆژییەدا شەرعییەتی نیزامی دەسەڵاتدار لە خواوەندەوە بە ڕێبەری ئەو نیزامە دراوە و خەڵک بەپێی باوەڕە مەزهەبی و دینییەکانی خۆیان لەسەریانە ملکەچی بڕیارەکانی دەسەڵات و حکوومەت بن. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا کە باس لە مەشروعییەت بۆ هەر نیزامێکی سیاسی دەسەڵاتدار دەکەین، مەبەست لە مەشروعییەت، یاسایی بوونی ئەو نیزامەیە و لە سەردەمی ئێستادا یاسایی بوون بەو مانایەیە کە ئەو نیزامە سیاسییە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرا بێ و جێگای متمانەی خەڵک بێ. بەپێی ئەو پێناسەیە و شێوازی دامەزرانی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەبینین هەر لە سەرەتاوە نیزامی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەماکانی مەشروعییەت وەرگرتن لە خەڵک دانەمەزراوە.
لە سەردەمی ئێستادا زۆربەی دەسەڵاتدارانی وڵاتان ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێ بە دوای مەشروعییەت و پێگەی جەماوەریدا دەگەڕێن، بەو واتایە کە مەشروعییەت لە مەرجە سەرەکییەکانی دەسەڵاتداری و حاکمییەت دێتە ئەژمار، چونکە ئەزموون نیشانی داوە کە لە سەردەمی ئێستادا، ئەو حکوومەتانەی کە مەشروعییەتیان لە کۆمەڵگەی خۆیان لە دەست بدەن و جێگای متمانەی خەڵک نەبن، هەرچەند لە بواری هێزی سەرکوتەوە بەهێز بن، لە ئاکامدا ناتوانن لە بەرانبەر سێڵاوی ناڕەزایەتی خەڵکدا خۆ بگرن و تووشی هەرەس و داڕمان دەبن.
یەکێک لەو ڕێکارانەی کە دەتوانێ مەشروعییەتی نیزامێکی سیاسی وڵاتێک لەنێو خەڵکدا بپارێزێ، شێوازی بەڕێوەچوونی دێموکراسی و گوێگرتن لە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکە. چونکە لە نیزامێکدا کە لەسەر بنەماکانی ڕەچاوکردنی دێموکراسی دامەزرابێ و لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی ئازاد و خەڵکی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی بە سانایی تێدا جێبەجێ بێ، زۆر سروشتییە لەو جۆرە سیستەمە سیاسییەدا لەنێو هێزە سیاسییەکانی ڕەقابەت و کێبەرکێی ساڵم و بێ توندوتیژی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ڕوو دەدا، کە دەنگی زۆرینەی خەڵک یەکلای دەکاتەوە و دوای هەر هەڵبژاردنێک ڕەنگە بەشێک لە هێزە سیاسییەکان، بە ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕازی نەبن، بەڵام چونکە دڵنیان لەوەی کە دەتوانن لە داهاتوویەکی نە چەندان دوور و لە هەڵبژاردنێکی دیکەدا، بەکارکردن لەنێو خەڵکدا سەر بکەون، بێ ئەوەی شێواوی دروست بکەن، هەر لە ڕۆژی دوای هەڵبژاردن خۆیان ئامادە دەکەن کە لە دەورەی داهاتوودا لە پرۆسەی هەڵبژاردن، دەنگی متمانەی خەڵک بەدەست بهێنن و دەسەڵات بەدەستەوە بگرن.
بەڵام دامەزرێنەرانی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر وەکی پێشتر باس کرا، هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکار و نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی ئێران، بە ڕاشکاوی وەک پاشاکانی سەدەکانی ڕابردوو لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا گونجاندوویانە کە حاکمییەت و دەسەڵاتیان لەسەر بنەمای حوکمی ئیلاهییە، واتە شەرعییەتی دەسەڵاتداری خۆیان لە خواوەندەوە وەرگرتوە و لەو حاڵەتەدا کۆمەڵگە بێ ئەملاوئەولا پێویستە ملکەچی ئەو حکوومەت و دەسەڵاتە بێ، و ئەگەر ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئەوە ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینە دەچێتە چوارچێوەی دەژایەتی لەگەڵ فەرمانی خواوەند و حوکمی ئەو کەسانە بەپێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی "موحاربە لەگەڵ خوایە" و سزای ئەو تاوانەش حوکمی ئیعدامە. بەڵام لەلایەک ڕەوتی ڕووداوەکانی ئێران و ناوچەکە و خێرابوونی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی جیهانی و لەلایەکی دیکەوە سیاسەتە هەڵەو چەوتەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا لەنێوخۆ و دەرەوەی ئێران وای کردوە کە چیدیکە گەلانی ئێران و دنیای دەرەوە گوێ لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕانەگرن و بایەخی پێ نەدەن. بۆیە دەبینین لەنێوخۆی ئێران خەڵک بە ناڕەزایەتی دەربڕین و دنیای دەرەوە بە هەڵویستگرتن لە بەرانبەر سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی شەرعییەتی ئەو نیزامەیان هێناوەتە ژێر پرسیار.
ئەگەر سەردەمانێک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان دەدا دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی خەڵک و بۆ نیشاندانی پێگەی جەماوەری بە دنیای دەرەوە و سەلماندنی مەشروعییەتی خۆیان، خەڵکیان بەسیج دەکرد و بە کۆمەڵ کۆمەڵ دەیانهێنانە سەر شەقام، بەڵام ئێستاکە بە تایبەتی دوای ڕاپەڕینی "ژینا" و شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئەو دوایانە لەگەڵ ئیسڕائیل، بە ئاشکرا هەستی پێدەکەین کە ڕێژیم ئەو هێز و توانا و هەیمەنەی نەماوە کە ڕێپێوانی میلیۆنی بە ناوی پشتیوانی لە ڕێژیم لە شەقامی شارە گەورەکانی ئێران وەڕێ بخا، و ئەوە نیشانەی ئاشکرای نەمانی پێگەی جەماوەری نیزامی کۆماری ئیسلامییە. بەو مانایە کە ئەو نیزامە مەشروعییەتی لەنێوخۆی ئێران لە دەست داوە و پێبەپێی ئەوە مادام لەنێوخۆی ئێران مەشروعییەتی نەماوە، زۆر سروشتییە لە دنیای دەرەوەش مەشروعییەتی نێودەوڵەتی لە دەست دەدا. چونکە مەشروعییەتی هەر نیزامێکی سیاسی لە باوەڕ و پشتیوانی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێ، و کاتێک حکوومەت و نیزامێکی سیاسی وەک نیزامی کۆماری ئیسلامی لەنێوخۆی وڵاتدا تووشی قەیرانی مەشروعییەت دەبێ تەنیا یەک ڕێگای لە پێشە، ئەویش گوێ لە ویستی خەڵک بگرێ و بە کارو کردەوەکانی متمانە و پشتیوانی خەڵک بە دەست بینێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە حەیاتی سیاسیی خۆی بدا، کە مێژووی نێزیک بەنێو سەدە لە دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی بەڕوونی پێمان دەڵێ کە ئەو نیزامە ناتوانێ وڵامدەری ویست و داخوازی خەڵک بێ و خۆی لەگەڵ سەردەم بگونجێنێ، چونکە دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە لەسەر ئەو باوەڕەی خۆیان سوورن کە مەشروعییەتی دەسەڵاتداریەتیی خۆیان لە خواوەندەوە وەرگرتوە و خەڵک تەنیا لەسەریەتی ملکەچی بریاڕ و یاساکانی ئەو نیزامە بێ، بۆیە لەسەر ڕێچکەی خۆیان بەردەوام دەبن و لە ئاکامدا لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربەرینی خەڵک ڕووبەڕوو دەبێتەوە و ئەو ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ خەڵک دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە تەمەنی دەسەڵاتداریەتیی ئەو نیزامە تێکەوە بپێچێ.