
ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤، خۆپێشاندانێک لە شاری یۆتۆبۆڕی بو یادی سێ ساڵەی شەهیدكردنی "ژینا ئەمینی" و ڕاپەڕینی ''ژن ژیان ئازادی'' بە بەشداریی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوە چوو.
سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی كوردستان، بەتایبەت شەهیدانی بزووتنەوەی ''ژن ژیان ئازادی'' دەستی پێ كرد.
پاشان پەیامی هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە سێ زمانی كوردی، فارسی و سویدی لەلایەن كاوە ئەحمەدی، دیار ڕەحمانی و ڕەزا لوتفی، خوێندرایەوە.
هەر لە درێژەی خۆپێشاندانەكەدا پەیامی ژنانی سۆسیال دێموكراتی سوید لەلایەن خاتوو شادی حەیدەری، پارلەمانتاری پێشووی ئەو حیزبە، پیشكەش كرا.
لە درێژەی بەرنامەكەدا ئەحمەد بازگر بە خوێندنەوەی چەند پارچە شێعرێک، خۆپێشاندانەكەی بایەخدارتر كرد و هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەشدا "ئەسعەد مەریوان"، سروودێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
هێزه سیاسییەكانی بەشدار لەو خۆپێشاندانەدا بریتی بوون لە ''حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، كۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پەژاک''.