کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان بەبۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا لە ڤانکۆڤێری کانادا

11:35 - 23 خەرمانان 2725

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤، خۆپیشاندانێک بە بۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، و كوردستانیانی  دانیشتووی ڤانکۆڤێر، ڕێکخراوی ئەمنستی و چەند لایەنی ئێرانی لە شاری ڤانکۆڤێری کانادا بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا، پەیامی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئيران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەلایەن کاک کیۆمەرس بەیگی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا، پێشكەش كرا.

لەم پەیامەدا، بەڕێز بەیگی بە ڕێزگرتن لە نوێترین شەهیدانی ژینگە، پشتیوانیی لە بزووتنەوەی ژینا و چین و توێژەکانی کوردستان دووپات کردەوە.

لە درێژەی ئەم گردبوونەوەدا، پەیامی ئینگلیزیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا لەلایەن خاتوو لارا ئەشکانی خۆێندرایەوە.
لە پەیامەکەی كۆمیتەی حیزبدا وێرای ئاماژە بە مێژوی تاوانە دژەگەلییەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت تێرۆری شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، باس لە سەرکوت و بەندکردنی لاوان، سێدارە و کوشتنی چالاکوانانی سیاسی، کۆڵبەران و ژینگەپارێزان و هەروەها هیواداریی ڕێژیم بۆ کپکردنی دەنگی گەلی کورد کرا و جەختیشی لە سەر ئەوە کرایەوە کە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی''، سەلماندی گەلی کورد بە چۆکدا نایە.

هەروها پەیامی ماڵی کورد لە ڤانکۆڤێر، لەلایەن کاک محەممەد ڕانیە پێشكەش كرا.

لەم گردبوونەوەدا، ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتێرنەشناڵ و چەند لایەنی ئێرانی پەیامی خۆیان پێشکەش کرد.

خۆپیشاندانەکە بە ڕێپێوان و دروشمدان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژینا، کۆتایی پێ هات.