
ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤، حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم بینای وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ، خۆپیشاندانێکی بەربڵاویان بەبۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەڕێوە برد کە كۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران لەو گردبوونەوەیەدا بەشدارییەکی چالاکانەی هەبوو.
سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان پەیامی حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانی کوردی لەلایەن "ئەسعەد خزری" بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتەوە خوێندرایەوە.
لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتووە: "٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، سێ ساڵ بەسەر شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تێدەپەڕێت. تاوانێک کە بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە توڕەیی خەڵکی ستەملێکراو و ئازارچێشتووی گەلانی ئێران، بەتایبەت ژنان و لاوان، سەرهەڵبداتەوە و ببێتە هۆی ڕاپەرینی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژن، ژیان، ئازادی".
لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا ئاماژە بەوە کراوە کە خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان هیچ کات تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییان قەبوڵ نەکردووە و زیاتر لە چوار دەیە دژی ڕێژیمی ئیسلامی و یاسا نامرۆڤایەتییەکانی بەربەرەکانێیان کردووە و هاوکات لەگەڵ شەهیدکرانی ژینا، وەک پێشەنگی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، هەستانەوە.
لە درێژەی خۆپێشاندانەکەدا دەقی ئەم پەیامە بە زمانەکانی فارسی و نۆروێژی لە لایەن "شەونم ناسری" و "شۆڕش سۆفیـ"ـیەوە خوێندرایەوە.
جێگای ئاماژەیە کە هەر یەک لە حیزبەکانی "خەڵکی بەلووچستان" و " شۆرای هاوپێوەندیی بەلووچستان" لە نۆروێژ، بە بۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، پەیامی خۆیان پێشکەش کرد.
لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا چەندین سروودی حەماسی لەلایەن چەند هونەرمەندێکەوە پێشکەشی خۆپیشاندەران کرا.
هەروەها خۆپێشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی کۆمەڵێک دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی و نۆروێژی، ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەربڕی.
جیا لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی سەربەستیی کوردستان، ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان، یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان و پارتی ئازادی کوردستان، بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون.