
لە ٣٣ـیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دوکتۆر سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی، فەتاح عەبدولی، هۆمایون ئەردەڵان و نووری دێھکوردی، کۆمیتەی نۆرێژ سێمینارێکی لە دوو پانێلدا بۆ هەر یەک لە بەڕێزان ئیبراهیم لاجانی و کەریم ئەڵڵاوەیسی پێک هێنا.
سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ''ئەی ڕەقیب'' و خوڵەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد.
دواتر محەممەد سلێمانی پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی لە وڵاتی نۆروێژ خوێندەوە. لەو پەیامەدا وێڕای تیشک خستنە سەر کەسایەتیی ڕێبەری شەهید لە قۆناغەکانی ژیانیدا، ئاماژە بە ڕۆڵ و تێکۆشانی وەک سکرتێری حیزب کرا و جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە هیچ سهختی و دژواریەک نەیتوانی لە مەیدانی خەباتدا ناوبراو لە هەوڵ و تێکۆشانی سیاسیی خۆی سارد بکاتەوە.
پاشان لە پانێلی یەکەمدا بەڕێز کەریم ئەڵڵاوەیسی باسێکی لە ژێر ناوی "ژیان و خەباتی دوکتۆر سادق شەرەفکەندی و دادگای میکۆنووس" پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
ناوبراو لە باسەکەیدا وێرای ئاماژە بە ژیان و خەباتی دوکتۆر شەرەفکەندی، باسی لە ئاکامی بڕیاری دادگای میکۆنووس و هەوڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کرد کە ویستیان ڕێگری لە سیستمی دادوەریی وڵاتی ئاڵمان بکەن تاکوو دۆسییەی تێرۆری دوکتۆر شەرەفکەندی و هاوڕێیانی نەگاتە ئامانج.
پانێلی دووهەمی سێمینارەکە لەلایەن ئیبراهیم لاجانی بە پێشکەشکردنی باسێک لە ژێر ناوی ''دوکتۆر سادقی شەڕەفکەندی، ڕووناکبیرێکی شۆڕشگێر"، بەڕیوە چوو.
ناوبراو لە باسەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە بواری زانستی و فەلسەفی لە سەر ڕۆڵی سەرکردە و مرۆڤە شۆڕشگێرەکان، باسی لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی دوکتۆر سادق کرد.
جێگای ئاماژەیە کە لەو سێمینارەدا شێرکۆ مەریوانی، هونەرمەند و ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ، چەند سروودێکی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.