
ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤( ١٣/٩/٢٠٢٥) خۆپیشاندانێک بە بەشداریی کۆمیتەی ئۆتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لەلایەن فۆروومی ئێرانی لە وڵاتی ئۆتریش و لە ناوەندی شاری ڤییەن ڕێک خرا.
بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب و کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش بەشدارییان لەم خۆپیشاندانەدا کرد.
بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەکە وتارێکیان لە پێوەندی لەگەڵ سێهەمین ساڵڕۆژی تێرۆری ژینا ئەمینیدا پێشکەش کرد.
دوکتور جەزا ساڵحی بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی ئۆتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش بە بەشداران کرد. ناوەرۆکی پەیامی کۆمیتەی حیزب ئەم خاڵانەی خوارەوەی لەخۆ گرتبوو:
ـ کوژرانی دڕندانەی ژینا ئەمینی لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ بەدەستی جینایەتکارانی ڕێژیم، لەدایکبوونی دروشم و جووڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و بڵاوبوونەوەی بە هەموو ئێران و دەرەوەی سنوورەکانیشدا وەک شانازییەک بۆ خەڵکی کوردستان، هەروەها جینایەتەکانی ڕێژیم وەک گرتن، ئەشکەنجە، کوشتاری خەڵکی بێتاوان لە کاتی خۆپیشاندانەکان و دوای خۆپیشاندانەکان، دۆخی ئابووریی شپڕێوی ئێران و ناکارامەیی دەسەڵاتداران لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک.
ـ دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە وڵاتانی دەوروبەر و یارمەتیدانی هێزە تێرۆریستەکانی ناوچە و سیاسەتی ئیدیۆلۆژیکی دوژمنکارانە بەرانبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە تا ئەمڕۆ و سیاسەتی چەوتی وزەی ناوکی وەک هۆکاری سەرەکیی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ئاکامی شەڕەکە بۆ ڕێژیم و بێدەسەڵاتیی ڕێژیم لە بەرگری لە خۆی و دامودەزگا دەوڵەتییەکان.
ـ ڕووخانی ڕێژیم وەک ڕێژیمێکی پێشێلکەری مافی مرۆڤ کە پیشەی سەرەکیی بووەتە گرتن، ئەشکەنجە، سێدارە و پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران، ـهاتنەسەرکاری سیستمێک کە پێش هەموو شتێک وێنای سیستمی وڵاتێکی فرەنەتەوە بکات و مافی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران بپارێزێت و لەسەر ئەساسی دێموکراسی، جیاوازیی دین لە سیاسەت و بەشێوەی لامەرکەزی دابمەزرێ.
ـ چیدی ئێران ناکرێ وەک وڵاتێکی یەک نەتەوە و یەک ئایین بەڕێوە ببرێت و دەبێ مافی هەموو نەتەوەکان پارێزراو بێت.
ـ پێویستیی پێوەندیییەکی نەپچڕاوی نێوان مێکانیزمی نێوخۆیی و گوشاری دەرەکی بۆ هەرچی زووتر ڕووخانی ڕێژیم و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدان بە جووڵانەوەی خەڵک ئەم هەنگاوانە هەڵ بگرێت:
گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی بۆ سەر ڕێژیم، گەمارۆی مەبەستداری سەر ئەندامانی سپای پاسداران، کەسوکاریان و شیرکەتەکانیان، ڕاگرتنی هەژماری بانکیی کاربەدەستان، سنووردارکردنی کاری باڵوێزخانەکان کە ناوەندی چاوەدێری و سیخوڕی لەسەر پەنابەرانن .
یارمەتیدانی جووڵانەوە مەدەنییەکان لە باری تیکنیکییەوە، ناسینی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوی تێرۆریستی، بەرگری لە کەڵکوەرگرتنی ڕێژیم لە بانک، شیرکەت و تێکنۆلۆژیی وڵاتانی ئورووپایی، تۆمارکردنی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ کاتی پاش گۆڕانی دەسەڵات.
ـ ئەرکی ئێمە و ئوپۆزیسیون بەگشتی بەرانبەر بە جووڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی و شەهیدانی ئەم جووڵانەوەیە و کەسوکاری شەهیدان و ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان لەم کاتەدا و نوێکردنەوەی بەڵێن لەگەڵ شەهیدان.
ئاڵای کوردستان، وێنەی گەورەکراوەی ژینا ئەمینی و شەهیدانی تر و هەروەها یوبیلی حیزبی دێموکرات دیمەنێکی کوردانەیان بە خۆپیشاندانەکە بەخشیبوو و سروودی ژن، ژیان، ئازادیش بەشێک لە بڵاوکراوەکانی بەرنامەکە بوو.