کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبینارێک بۆ ڕێزرگتن لە شەهیدانی میکۆنۆس

23:50 - 23 خەرمانان 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١٤/٩/٢٠٢٥) بۆ ڕێزگرتن لە ناو و یادی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێکانی، وێبنارێک بە ناونیشانی یادی شەهیدانی میکۆنۆس لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتەکانی ئاڵمان، فەرانسە، هولەند، بێلژیک، ئۆتریش، بریتانیا و بە بەشداریی ڕێژەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزب، بەڕێوە چوو.

وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێ کرد.

پێشکەشکاری وێبنارەکە کاک سەباح نیکخا، پەخشانێکی سەبارەت بە بیرەوەرییە تاڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی خەرمانان خوێندەوە و تیایدا شێوازی تاوانەکانی دوژمنانی دژ بە گەلەکەمان، هەر لە شەهید مەلا ئاوارەوە تاکوو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پۆلێن و ئاراستە کرد.

دواتر کاک ڕۆستەم جەهانگیری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەکوو وتاربێژی وێبنارەکە، کورتەیەک لە ژیان و خەباتی د.شەرەفکەندیی باس کرد و ئاماژەی بە تایبەتمەندیی بەرزی ئینسانی و شۆڕشگێڕانەی ئەر ڕێبەرە بلیمەتە و ڕۆڵی گرینگ و هەوڵ و تێکۆشانی ناوبراو بۆ سەرخستنی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد و فیداکاریکردنی لەو پێناوەدا کرد و کەسایەتی و پێگەی حیزبیی دوکتور شەرەفکەندی و کاک فەتاح عەبدولی و کاک هومایوون ئەردەڵانی خستە بەر باس.

ناوبراو لە ناواخنی قسەکانیدا وتی: "دوژمن پێی وابوو لە دوای تێرۆری د.قاسملوو حیزبی دێموکرات و شۆڕشی کورد لەناو دەچێ، بەڵام د.شەرەفکەندی نەیهێشت ئاڵاکەی قاسملوو بکەوێت و لە یەکەم لێدوانی ڕادیۆییدا دوابەدوای تێرۆری د.قاسملوو وتی: یا ئەو خەباتە سەر دەخەین یا ئێمەش لەپێناویدا شەهید دەبین.

جێگری ناوەندی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە ئاماژە بە چالاکییە فەرهەنگی و ژینگەپارێزییەکانی ڕۆڵەکانی کورد لە ناوخۆ و هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی ئەندامانی حیزب لە دەرەوە، فرەڕەهەندیی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی وەکوو بەرهەمی خوێنی ئەو شەهیدانە پێناسە کرد.