کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی سێمیناری یادی شەهیدانی مانگی خەرمانان لە وڵاتی سوید!

23:53 - 23 خەرمانان 2725

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤(١٣/٩/٢٠٢٥)، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران-کۆمیتەی سوید بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بەبۆنەی کارەسات و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی خەرماناندا لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە برد.

خاتوو باوان کەریمی و کاک سۆران عەلیپوور وەک بەڕێوەبەرانی ئەو سێمینارە، بە ناوی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان و کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە بەخێرهاتنی بەشداربووانی ئەم سێمینارەیان کرد.

سێمینارەکە بە موزیکی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لەلایان هەڵۆ بەرزنجییەوە دەستی پێ کرد و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا.

دواتر لەلایان سۆران عەلیپوورەوە کورتەیەک لە بیوگرافیی کاک سەعید بەیگزادە خوێندرایەوە و داوا لە بەڕێزیان کرا کە باس و وتارەکەی خۆی لەژێر ناوی "باسێک لەسەر جینایەتەکانی میکۆنۆس و مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و شۆڕشی ژینا" پێشکەش بکات.

کاک سەعید بیگزادە باسەکەی خۆی لە چەند تەوەرێکدا پێشکەش کرد و وتی:

دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە دێرزەمانەوە سیاسەتی کوشتن و تێرۆرکردنی سەرانی کوردیان لە بەرنامەدا هەبووە و ئێستاش هەر درێژەی دەدەن.

شەهیدکردنی سکرتێری حیزب و هاوڕێیانی و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزب، هەر درێژەی ئەم سیاسەتە سامناک و جینایەتکارانەیە کە هەتا ئێستاش بە دژی کورد بەڕێوە دەچێ.

شەهیدکردنی کاک دوکتور سەعید و کاک فەتاح و کاک هومایون لەو سەروبەندەدا زەربەیەکی قورس بۆ حیزبی دێموکرات بوو.

بەڕێزیان ئاماژەی بە "دادگای میکۆنۆس" کرد و وتی: "بەدواداچوونی دادگای ئاڵمان و بڕیاری لێبڕاوانەی دادستان، زەبرێکی قورسی سیاسی بوو کە لە کۆماری ئیسلامی درا، ناکرێ ئەوەش لە یاد بکەین کە کۆمەڵێک کەسایەتی و حیزبی ئێرانیی ئۆپۆزیسیۆن لەمبارەوە بۆ شاهیدیدان و خستنە بەرچاوی بەڵگە لە دادگا زۆر گرینگ و کاریگەر بوون."

حوکمی "دادگای میکۆنۆس" بوو بە نموونەیەک بۆ ڕۆژاوا کە بن لەسەر ئەم جۆر جینایەت و پەروەندانە شێلگیرتر بن.

کاک سەعید لە درێژەی باسەکەیدا، ئاماژەی بە مووشەکبارانی بنکەکانی حیزب و شەهید و بریندارکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات کرد و وتی: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە جینایەتەکانی بەردەوام بووە و هەوڵی داوە بە کوشتن و شەهیدکردنی ڕێبەران پاشەکشە بەو شۆڕشە بکات.

کۆماری ئیسلامی بە مووشەکبارانی بنکەکانی دێموکرات هاوکات کە دەیویست حیزبی دێموکرات لاواز بکا، بە ئاشکرا مانۆڕی هێزی خۆی بەو هێزانەی لە ناوچەدان و دەسەڵاتدارن و یان هێزیان لە ناوچەدا هەیە نیشان دەدات. بەڵام نە حیزبی دێموکراتی بۆ لەپێ کەوت، نە ئەو جینایەت و مانۆڕە بوو بەهۆی پاراستنی لە زلهێزەکانی ناوچە."

لە بەشێکی دیکەدا، ناوبراو باسی لە شۆڕشی ژینا کرد و وتی: "مەرگی ژینا جینایەتێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بە دژی کچە کوردێک بوو کە کوردستان خاوەندارەتی لێ کرد و بە دژی ئەو جینایەتە ڕاپەڕی و ئێران و جیهانی لەگەڵ خۆی ڕێک خست.

 سەرەڕای کوشتارێکی زۆر و بریندارکردن و بەندکردنی هەزاران کەس، ئەم شۆڕشە بێچمی ڕزگاریخوازانەی وەک لایەنێکی تەواو سێکۆلار بە داهاتووی سیاسیی ئێرانەوە چەسپاند، ئەگەرچی بە هۆی هێندێک کەمایەسی، ئەم شۆڕشە نەگەیشتە گشت ئامانجەکانی، بەڵام بێگومان لە ئەگەری هەر دەرفەتێکدا سەر هەڵدەداتەوە و ئامانجەکانی خۆی بە هەر شێوەیەکی دیکەش بێ، بەدی دێنێ."

"شۆرشی ژینا" خەباتی ژنانی نەتەوەکانی ئێرانی بە گشت جیهان ناساند و توانیی گەورەترین پشتیوانی بەدەست بێنێ.

هەر ئەم شۆڕشە جارێکی دیکەش ئەم ڕاستییەی ئاشکراتر کرد کە ڕاپەرینی گەورە بۆ ئاڵوگۆڕ کاری سیستماتیک و ڕێبەریی لێبڕاوی دەوێ.

ئەو بەشە لە سێمینارەکە بەشێوەی پانێل لەلایەن هاوڕێ سۆران عەلیپوورەوە بە ورووژاندنی چەندین پرسیار بەڕێوە چوو.

لە بەشی دووهەمدا باوان کەریمی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان لە سوید کورتەیەک لە بیوگرافیی خاتوو شەهێن بایزیدپووری پێشکەش کرد.

خاتوو شەهین بایزیدپوور باس و وتارەکەی خۆی لەژێر ناوی "شۆڕشی ژینا و دوورەدیمەنی بۆ خەباتی سیاسیی ژنان" پێشکەش کرد.

 خاتوو شەهێن بایزیدپوور ئەندامی حیزبی دێموکرات و چالاکی بواری ژنان لە ڤیدیۆیەکدا بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا، سەبارەت بە چۆنیەتیی سەرهەڵدان و مەکۆی فیکریی ئەو شۆڕشە باسی لە ڕۆڵی "ڕێکخراوەکان" کرد و وتی: "کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان خوڵقێنەری ئەو شۆڕشە بووە."

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ناوەند نەیتوانیوە ڕێکخراوەی مەدەنیی چالاکی هەبێ و کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێک بخات و نوخبەی فارسیش ئەگەر بەشێک لە هێزی سەرکوت نەبووبێتن، هەڵوێستێکیان دەربارەی جینایەتەکانی دەسەڵات نەبووە."

 کۆمەڵگەی مەدەنیی فارس بەتایبەت ژنانیان، لە سەرکوتی ئازادییەکان و داسەپاندنی توندوتیژی هاودەستی دەسەڵاتی دیکتاتۆر بوون".

ناوبراو ئاماژەی بە "نەسڵی زێد" لە کوردستان کردو هۆکار و پێشینەی فیکری سەرهەڵدانەکانی کوردستانی پتر ڕوون کردەوە و وتی: "بەدڵنیاییەوە دەڵێم شۆڕشی ژینا دەستکەوتی شۆڕشێکی نەتەوەییە کە حیزبی دێموکرات دەستی پێکردبوو. دەستکەوتی ئەو شۆڕشە بوو بە هۆی ئەوەی کە دەسەڵات ئیتر نەتوانێ وەکوو جاران ژنان سەرکوت بکات. هەروەها ئوپۆزسیۆنی ناوەندگەرا کە بەدوای نۆستالۆژییەوەن و لە "جۆرج تاون" کۆ بوونەوە، سەلماندیان کە پێگەی جەماوەرییان نییە." ئەو لە کۆتاییدا بەپێی شرۆڤەی خۆی پێی وابوو کە ژنی کورد دەتوانێ پێشەنگایەتیی ئەڵتەرناتیڤ لە کوردستان و تەنانەت ئێرانیش وەئەستۆ بگرێ.

هاوڕێ سۆران عەلیپوور چەند پرسیاری ئاراستەی خاتوو شەهێن کرد، کە بەڕێزیان لەو بەشەدا بە شیکاریەوە وڵامی پرسیار و تێبینییەکانی دایەوە.

لە نێواخنی بەرنامەکەدا خاتوو "ناهید حوسێنی" شاعیر و چالاکی سیاسی، هۆنراوەیەکی لەژێر ناوی "گەلیارەکانی وەرزی هەنار" بە هاوکاریی موزیکژەنی بەتوانا کاک "هەڵۆ بەرزەنجی" پێشکەش کرد.

ئەم سێمینارە بە پێشکەشکردنی چەپکەگوڵی ڕێزلێنان بە بەڕێز کاک سەعید بەیگزادە لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکرات و کۆمیتەی حیزبەوە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.