کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ٤٤ بەندکراوی سیاسی لەمەڕ سزای لەسێدارەدانی سێ چالاکوانی ژن

16:19 - 11 خەرمانان 2725

٤٤ بەندکراوی سیاسی سەبارەت بە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و وێڕای مەحکومکردنی ئەم سزایە داوایان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە بەپەلە بۆ ڕاگرتنی ئەو حوکمە هەنگاو بنێن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لەکاتێکدا کە ئاسەواری دەسەڵاتدارێتی سەرەڕۆیانە ڕۆژانە زیاتر ئاشکرا دەبێت و ناکارامەیی لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسیدا بەرجەستەتر دەبێتەوە، ڕێژیم چارەسەرەکە لە چڕکردنەوەی گوشار و دەرکردنی فەرمانی سەرکوتکەرانەدا دەبینێت تاکوو لە ڕێگەی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێوە پێش بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بگرێت و باوەڕبەخۆبوونی دەزگای سەرکوت پەرە پێ بدات. مافی مرۆڤ مافێکی گشتگیرە و پێوەندیی گشتیی لەگەڵ هەنوو کۆمەڵگەکان هەیە".

واژۆکەران جەختیان کردووەتەوە کە مافی ژیان لە بڕگەی ٣ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا وەک مافێک ناسراوە کە دەستی بەسەردا ناگیرێت و سزای لەسێدارەدان "بەدوور لە لۆژیک و شارستانییەتە".

لەم بەیاننامەیەدا بەندکراوانی سیاسی دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەو حوکمانە دەربڕیوە ڕوو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نووسیویانە: "داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ویژدانی نەنوستووەکان دەکەین بەرامبەر بەو حوکمە چەپەڵانە کاردانەوەیان هەبێت و ڕێگری لە جێبەجێکردنیان بکەن".

جێگەی ئاماژەیە وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی لە ساڵی   ١٤٠٢دا لەایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و دوای ساڵێک لەلایەن دادگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی "بەغی" حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا کە تا ئێستا حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان و شەریفە لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە و هەروەها وریشە مورادی سەرەڕای نەخۆشی و خراپیی باری تەندروستیی، لە هەر جۆرە چاودێرییەکی پزیشکی بێبەش بووە.