کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی سێهەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا لە لەندەن

15:54 - 24 خەرمانان 2725

حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پلاتفۆرمێکی هاوبەشدا، لە شاری لەندەنی پێتەختی وڵاتی بریتانیا، یادی سێهەمین ساڵی شۆڕشی مەزنی ژینایان کردەوە.

لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٤( ١٤/٩/ ٢٠٢٥) دا ئەندامان، دۆستان و لایەنگرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماربڵ ئارچ، ناوەندی شاری لەندەن بەشدارییان لە گردبوونەوەیەکدا کرد کە بە ئاڵای کوردستان، ئاڵای هێز و لایەنە سیاسییەکان و پلاکاردی وێنەی ژینا و شەهیدانی شۆڕشی ژینا ڕازابووەوە.

لایەنە سیاسییەکان بە یەکدەنگ و بە هزرێکی مافخوازانە و بە دەربڕینی بێزاری لە سیاسەتە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەم گردبوونەوەیان بەڕێوە برد.

بەیاننامەی ئاکسیۆنەکە بە زمانی کوردی لەلایەن خاتوو مینا سوارەوە پێشکەش کرا. هاوکات بەیاننامەی ئینگلیسی لەلایەن خاتوو فرمێسک عەلیپورەوە ئاراستە کرا.

ڕەحیم بەندەوی ئەندامی شۆرای مەرکەزی حیزبی گەلی بەلووچستان پەیامی هاودەنگی و پشتیوانیی خۆی ئاراستە کرد.

هەروەها خاتوو فەریبا بەلووچ چالاکی سیاسی و مافی ژنان پەیامی هاودەنگی و پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و داکۆکی لە مافی تاکەکانی ئاراستە کرد.

کۆبونەوەکە بە بەرزکردنەوەی دروشم و پەیمانی یەکدەنگی و هاوخەمیی لایەنە سیاسییەکان کۆتایی پێ هات.