
یەکەمین کۆنفڕانسی ئورووپا بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ڕۆژانی ٢١ تا ٢٣ی خەرمانان بە بەشداریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ، نوێنەرانی پارلەمانی ئورووپا، کەسایەتییە سیاسییەکانی ئورووپا، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، توێژەرانی سیاسی و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە "دوورگەی ڤێنتۆتێنێ" لە ئیتالیا، بەڕێوە چوو.
شنە ڕەزابی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ، لە یەکێک لە پانێلەکانی ئەم کۆبوونەوەیەدا لە ژێر ناوی "دەنگی نەتەوە چەوساوەکان"، بە ئاماژەدان بە سێیەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی ڕایگەیاند، کوردستان سەنگەری ئازادییە و هەردەم بەردەوام بووە لە خەبات بۆ نەهێشتنی ستەم و وەدیهاتنی بەها مرۆیی و دێموکراسییەکان.
ڕەزابی بە ئاماژەدان بە هاوکاتبوونی ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەگەڵ یەکەمین کۆنفڕانسی یەکیەتیی ئورووپا بۆ ئازادی و دێموکراسی، جەختی لە سەر سیاسەتەکانی ئورووپا لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی کردەوە و وتی: "پێویستە ئورووپا بە کردەوە لە نەتەوە چەوساوەکان، ژنان و هەموو کەمینەکانی چوارچێوەی ئێران بەرگری بکات".
نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ بە ئاماژەدان بەوەی کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران سەرکوتی خەڵکی کورد تەنیا بە هۆی ئەوەی کە خوازیاری دەوڵەتێکی دێموکراتیک و سێکۆلار بوون بە فەرمانی خومەینی، ڕێبەری ڕێژمی ئیسلامی، لە ژێر ناوی"شەڕی پیرۆز لەگەڵ کورد" دەستی پێ کردووە، وتی: "٦٠ لە سەدی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران لە چالاکوانانی کورد پێک هاتووە و دەسەڵاتی تاران هەر لەو کاتەوە وەک دوژمن چاو لە کورد دەکات".
ناوبراو لەم پێوەندییەدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٩٠٠ بەندکراوی لە سێدارە داوە کە نیوەی زیاتری کورد بوونە.
ڕەزابی لە کۆتایی قسەکانیدا بە وەبیرهێنانەوەی پێشڕەوبوونی کورد لە خەبات و خۆڕاگری لەهەمبەر ڕێژیمی ئاخوندەکان و هەروەها بە دووپاتکردنەوەی هەڵسوکەوتەکانی ئورووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی زیادی کرد: "یەکیەتیی ئورووپا دەبێت پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەشێک لە سیاسەتی خۆی لە بەرچاو بگرێت و سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی پێناسە بکات".
هەروەها لە پەراوێزی ئەم کۆنفڕانسەدا ڕەزابی لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێری کوردکاناڵ باسی لە گرینگی و سەمبۆلیکبوونی دوورگەی ڤێنتۆتێنێ کرد و ڕایگەیاند، لە ساڵی ١٩٤١ی زایینیدا مانیفێستی ڤێنتۆتێنێ بۆ ئازادی و دێموکراسی لەلایەن ئەو بەندکراوە سیاسییانەی کە لەم شوێنە دەسبەسەر کراون نووسراوەتەوە و پشتڕاستیشی کردەوە کە ئەم دوورگەیە لە مێژووی ئورووپادا هێمایەکە بۆ ئازادی و دێموکراسی بەرامبەر بە فاشیزم و وتیشی: "هەر بۆیە یەکیەتیی ئورووپا یەکەمین کۆنفڕانسی خۆی بۆ ئازادی و دێموکراسی، لەم شوێنە بەڕێوە بردووە".