
کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بەبۆنەی سێهەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و جەختیان کرد کە سەرەڕای ناساندنی کۆماری ئیسلامی وەک بەرپرسی سەرەکیی ئەم کوشتنە لەلایەن کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، تا ئێستا هیچ لێپرسینەوە و دادپەروەرییەک لەم دۆسییەیەدا جێگیر نەکراوە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "سەرەڕای دەرئەنجامە ڕوونەکانی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە کۆماری ئیسلامی لە مەرگی ژینا ئەمینی بەرپرسیار زانی، نەک هەر دادپەروەرییەک بەڕێوە نەچوو، بەڵکوو سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ پارێزبەندیی تەواوەتی تاوانبارانیشدا بوو".
چالاکانی مافی مرۆڤ، بە ئاماژەدان بەوەی کە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" هێشتا زیندووە، نووسیویانە ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە لە شەقامەوە بۆ شێوەی نوێی بەرخۆدان گواستراوەتەوە و لە فەزای مەجازی و ژیانی ڕۆژانەی ژنانی ئێراندا بەردەوامە.''
بەپێی داتا بەڵگەدارەکان ئەم ناوەندە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ١٤٠١دا لانیکەم ٥٥٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ٣٤ هەزار کەسیش دەسبەسەر کران. هەروەها ١٢ کەس لە دەسبەسەرکراون لە سێدارە دران و ٨ کەسی دیکەش سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە. جگە لەوەش هەزاران ژن بەهۆی بێ حیجابی دەسبەسەر کران.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ داوای کرد کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەنگاوی خێرا لەوانە بەکارهێنانی پرەنسیپی دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیر لە وڵاتانی ئورووپایی، سەپاندنی سزای ئامانجداری مافی مرۆڤی، پشتیوانی لە کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتیوانی کردەیی بۆ ڕزگاربووان و بنەماڵەی قوربانییەکان ئەنجام بدرێت.