کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی "ژن، ژیان، ئازادی" لە بروکسێل لەلایەن بەشێک لە سۆسیالیستەکانی ئورووپا

19:30 - 25 خەرمانان 2725

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٤(١٥/٨/٢٠٢٥)، کۆنفرانسی “ژن، ژیان، ئازادی” لە بروکسێل و لەلایەن بەشێک لە سۆسیالیستەکانی ئوروپایی بە پاڵپشتیی یەکیەتیی ئورووپا پێک هات.

سەرەتای کۆنفرانسەکە بە وتەکانی خاتوو لاتیسیا تایسن، وەک سەرۆک یان نوێنەری دامەزراوەکە دەستی پێ کرد و ناوبراو  پێشەکێکی سەبارەت بە بزوتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” پێشکەش کرد.

ناوبراو لەم پێشەکییەدا، بەوردی باسی لە بزوتنەوەکە کرد و ئەم بزوتنەوەیەی وەک سیمبولی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی ئێران و ناوچەکە پێناسە کرد، کە داوای مافەکانی ژنان، ئازادی و ڕێکخستنی سیاسی دەکات. خاتوو تایسن پێی وایەوە ئەم ڕەنگدانەوە نێودەوڵەتییانەی کە هەبوون وەک نیشانەیەکە لە پشتیوانی جیهانییە لەم بزووتنەوەیە.

دواتر پرۆفسۆر ڤاسیلیا گراماتیکا، وەک شارەزاییەکی یاسایی لە بابەتی مافەکانی مرۆڤ، باسێکی قووڵی لەسەر دۆخی یاسایی و هەڵاواردنی بزوتنەوەکە پێشکەش کرد. باسەکە لەسەر هەندێک بابەت هەر وەک، نەبوونی یاسای دژی ژنان و کەمینەکان لە ئێران، ڕێگەنەدان بە بەشداریی سیاسیی ژنان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، و چارەسەرە یاساییەکان بۆ گۆڕانکاری کرد. پرۆفسۆر گراماتیکا ئاماژەی بە ڕۆڵی دادگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەک یەکیەتیی ئورووپا لە پشتیوانی لەم بزوتنەوەیە کرد و داوای چاکسازیی یاسای بۆ پاراستنی کەمینەکانی ناو ئێران کرد.

لە نێواخنی کۆنفرانسەکەدا کورتەفیلمێکی دێکۆمێنتاری نمایش کرا کە بە وردی باسی لە دۆخی کەمینەکانی بەشداربوو لە بزوتنەوەکەدا کرد. فیلمەکە لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی بوو و وێنەیەکی ڕاستەقینە لە ژیانی کەمینەکان لە ئێرانی نیشان دا.

دواتر ئەڤین ئینجە، نوێنەری پارلەمانی ئورووپا، باسێکی لەسەر کارەکانی پارلەمانی ئورووپا لە بواری بزوتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” پێشکەش کرد. نوێنەر ئینجە ئاماژەی بە دۆخی بزوتنەوەکە و کۆسپەکانی کرد و هەروەها ئاماژەی بەم بابەتە کرد کە بەهۆی نەبوونی ئازادی لە ئێران بۆ زۆرجار ناوی (مەهسا) بەجێگەی ژینا بەکار دەهێنرێت و ئەمە هەڵەیەکە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت و ناوی ڕاستەقینەی ئەم مرۆڤە ژینا بووە نەک مەهسا.

بەشی کۆتایی کۆنفرانسەکە بە بەشداریی سێ کەس لە بەشداربووان بۆ باسکردن لە بزووتنەوەکە و وڵامدانەوە بە پرسیاری بەشداربووان بەڕێوەچوو کە بریتی بوون لە:

خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی؛ زیاتر تیشکی خستە سەر کوردستان و ڕۆڵی کوردستان  لە بزوتنەوەکەدا.

ـ خاتوو سیمین سەبری؛ لە ئازەربایجانەوە، باسی لە بزووتنەوەکە کرد و ئاماژەی بە بەشداریی بزوتنەوەی ئازەربایجان لەم بوارەدا کرد.

ـ خاتوو تاهێرە سادقی؛ لەلایەن حیزبی دێموکراتی ئێرانەوە، باسی لە فێدێرالیزم وەک چارەسەرێک بۆ ئێران و پشتیوانی لە بزووتنەوەی گۆڕانکاری کرد و هەروەها داوای یەکگرتوویی نێودەوڵەتی بۆ ڕێکخستنی ئێرانێکی دیمۆکراتیک کرد.

کۆتایی دانیشتنەکە، دەرفەتی وڵام و پرسیارەکان بوو. بەشداربووان پرسیارەکانی خۆیان لەسەر بابەتەکانی وەک چارەسەرەکانی نێودەوڵەتی، ڕۆڵی ژنان لە گۆڕانکاری و چۆنیەتیی پشتیوانی لە کەمینەکاندا ئاراستە کرد.

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، شاندی حیزبی کە بریتی بوون لە "حیسام دەست پیش" و "ئاسۆ عەزیزی" باسی بارودۆخی کوردستان و ڕۆڵی ژنانی کوردیان لەم بزووتنەوەیە و ئەو گوشارانەی لەسەر ژنانی کورد هەیە کرد و بابەتی حوکمی لەسێدارەدانی "پەخشان عەزیزی"یان هێنایە بەر باس و بۆ پاراستنی ژیانی پەخشان و بەندکراوانی سیاسیی دیکە کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان داوای یارمەتی کرا.