
دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١٥ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی) هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە بەڕێزان شاهۆ حوسێنی بەرپرسی پەیوەندییە ئێرانیەکانی حیزب لە ئورووپا و کانی جەهانگیری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە، بەشدارییان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دکتۆر میشێل بۆنۆ کرد و تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر گۆڕەکەی دانا.
دوکتور میشێل بۆنۆ، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆکی ڕێکخراوی ئاید مێدیکال ئینتەرناشناڵ (AMI) و هاوڕێی نزکی دکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات بوو.
پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کانی جەهانگیرییەوە پێشکەش کرا.
لە بەشێک لە پەیامەکەی حیزبی دێموکراتدا باس لە هاوڕێیەتی و دڵسۆزیی میشێل بۆنۆ کرا کە لە هەلومەرجێکدا دەستی دۆستی و هاوکاریی بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژ کرد کە ئەو حیزبە و ئەو بزووتنەوەیە پێویستیان بەو دۆستایەتی و پشتیوانییە هەبوو.
لە کۆتایی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد هەمیشە بۆ دۆستانی خۆیان بەوەفا بوون و بەوەفا دەمێنەوە، هەر بۆیە ناوی میشێل بۆنۆ وەک دۆستێکی بەوەفا لە حیزبی ئێمەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە .
پاشان دکتۆر فرێدریک تیسۆ سپاسی حیزبی دێموکرات و دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملووی بەتایبەتی کرد و پەیمانیان لەگەل حیزبی دێموکرات نوێ کردەوە.
هەر لەو ڕێوەرەسمەدا دەرفەتێک ڕەخسا بۆ نوێنەری حیزب کە لەگەل چەندین کەسایەتیی بەڕێزی ئامادەبوو لەوانە بێرنارد کۆشنەر، هاودامەزرێنەری پزیشکی بێسنوور و وەزیری پێشوو، دکتۆر فرێدریک تیسۆ، پزیشکی پابەند و کونسوڵی گشتیی پێشووی فەرانسە لە هەولێر و بنەماڵەی بەڕێزی دکتۆر میشێل بۆنۆ و کەنداڵ نەزان بەرپرسی ئەنستیتوتی کورد لە پاریس و چەند کەسایەتیی دیکەی جیهانی ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکات.