
کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتر سەعید شەرەفکەندی پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
٣٣ ساڵ پێش و لە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاویدا، دکتور سەعید شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، وێڕای کاک فەتاحی عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک هومایونی ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان، هەروەها نووری دێهکوردی، دۆستی حیزب، لە شاری بێرلین لەلایەن رێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامییەوە شەهید کران.
ئەگەرچی نەریتێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەناوبردنی بەجەستەی ڕێبەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشەرانی ئەم ڕێبازەیە، بەڵام بەردەوامیی بزووتنەوەکە و خۆڕاگری و گیانفیدایی تێکۆشەرانی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادیی کوردستان، شکستی بەم سیاسەتەی ڕێژیم هێناوە.
شەهید دکتور سەعیدی شەرەفکەندی، یەکێک لە ڕێبەرانی ناوازەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان و بەهەق جێگری لێوەشاوەی دکتور قاسملووی رێبەر، بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و ڕەوشتی بەرز و ئینسانیی خۆیەوە، پێی نایە ڕێبازی خەبات. تا کاتی شەهیدبوونی بە کۆمەڵێک پڕەنسیی شۆڕشگێڕانە و بە زانایی و مودیرییەت و قاتعییەتی تەواوەوە، بە ڕوانگەیەکی کوردستانی و خوێندنەوەیەکی زانستی و وردبینانە کە لە مێژووی کوردستان و بزووتنەوەکانی هەیبوو، لەسەر بەردەوامی و پاراستن و سەرخستنی هێڵە فکری و نەتەوەییەکانی حیزبی دێموکڕاتدا، پێداگر و شوێندانەر بوو.
پاش ٣٣ ساڵ، لەکاتێکدا یادی شەهیدانی میکۆنۆس بەرز ڕادەگرین کە تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دواهەناسەکانی خۆی دەدات و تێکەوەپێچانی تەمەنی نگریسی ڕێژیمیش زیاتر لە هەموو کاتێک نزیکتر و چاوەڕوانکراوە.
لەم بۆنەیەدا، سەری ڕێز دادەنوێنم بۆ ڕێبازی شەهیدانی ڕێبەرمان و بەڵێنی درێژەپێدانی ڕێبازەکەیان نوێ دەکەینەوە.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤
١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٥