
وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە پارلەمانی ئوسترالیا:
ڕێژیمی ئێران ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە بارمتە گرتوە
وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پاڕلمانی ئوسترالیا ڕایگەیاند ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو کاتێک ویستوویەتی بە تێرۆریزمی دەوڵەتی و ئاژاوەخوڵقێنی لە ناوچەدا دەسەڵاتی خۆی قایمتر بکات.
ئامانجی ئەم سێمینارە کە ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی بەڕێوە چوو، گەیاندنی پەیامی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەوڵەتی ئوستڕالیا لە ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بوو.
کاک خالید عەزیزی لە وتارەکەیدا بە وەبیرهێنانەوەی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەو حکوومەتەی بە هۆکاری سەرەکیی هەموو ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا ناوبرد. وتەبێژی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند کە لە سۆنگەی سیاسەت و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە شەڕ و کاولکاریدا نوقم بووە و دەرکردنی باڵوێزی ئێران لە ئۆسترالیا و هەنگاونان بۆ ناسینی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی لەلایەن ئەم وڵاتە هەنگاوێکی گرینگ بۆ وەستاندنی کۆماری ئیسلامییە.
کاک خالید عەزیزی بە ئاماژە بەوەی ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستاش بۆ باجوەرگرتن کەلکی لە بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی وەرگرتوە، تیشکی خستەسەر ئەوەی کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ ئەو چەکە لە دەستی کۆماری ئیسلامی دەربێنێ، چونکی ئەم ڕێژیمە بەو کارتە گوشارانە خەڵکی ئێران و گشت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە بارمتە گرتوە و بە سەرکوتی توندی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان و هەناردەکردنی تێرۆریزمی دەوڵەتی و پەرەپێدان بە قەیرانخوڵقێنی ئاشتی و سەقامگیریی جیهانیی خستووەتە مەترسییەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا "جوڵی ئەن کەمپ هیڵ" لە حیزبی کرێکاری ئوسترالیا -حیزبی دەسەڵاتدار-، سێناتۆر دەیڤد شوبریح لە حیزبی سەوزەکان، سێناتۆر پۆڵ سکار لە حیزبی لیبڕاڵی ئوسترالیا؛ دوکتور کاڵ گلیبریت مۆڕ، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ کە لە ئێران دەسبەسەر کرا بوو؛ باوە ڕەزایی، لە بەشی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزب، مەسعوود سەمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی ئوسترالیا؛ و بێهروز بووچانی، نووسەر و چالاکی سیاسی وتاریان پێشکێش کرد.
خوێندنەوەی پەیام لەلایەن سەلاح پوورئەسەد، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوسترالیا، ژینۆ کاردۆ ئەندامی حیزب و ڕووناک ڕاد چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.