
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەرانسە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی(١٧/٩/٢٠٢٥)، بەمەبەستی ڕیسواکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە میکۆنۆس، هەروەها پەیمان نوێکردنەوە و ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، دوکتور "سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی، هومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی" ڕێوڕەسمێکی لە گۆڕستانی پێرلاشێز بەڕێوە برد.
ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی ئەندامان، لایەنگران، کەسایەتییە سیاسییەکان و نوێنەرانی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان دەستی پێ کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا خاتوو کانی جەهانگیری نوێنەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب لە وڵاتی فەرانسە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرد .
هەر لەو پەیوەندییەدا د.کەنداڵ نەزان بەرپرسی ئەنستیوتی کوردی پاریس و دۆستی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات چەند وتەیەکی لەسەر ژیانی د.سادق شەرەفکەندی لە کاتی هاتنی بۆ وڵاتی فەرانسە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڤییەن، دوکتور"عەبدولڕەحمان قاسملوو" و "عەبدوڵڵا قادری ئازەر" و دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر گڵکۆکەیان کۆتایی پێ هات.