کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لەبەردەم ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سێهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی

11:04 - 27 خەرمانان 2725

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤(١٦/٩/٢٠٢٥) بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکدا کرد کە لەبەر دەرکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ڤییەن و لەلایەن کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانەوە ڕێک خرابوو.

سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەکەوە وتارێک بە زمانی ئینگلیزی و لە پێوەندی لەگەڵ سێهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی ژینا ئەمینی پێشکەش کرا، هەروەها چەند بەشداربوویەکیش بە نوێنەرایەتیی چەند ڕێکخراوێک وتاریان پێشکەش کرد.

لەلایەن کۆمیتەی ئۆتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دوکتور خوسرەو بەهرامی وتارێکی بە زمانی فارسی پێشکەش کرد.

 وتارەکەی دوکتور خوسرەو وتارێکی ڕەخنەگرانە بوو بەرانبەر بە هەڵسوکەوت و لێدوان و ڕای ئوپوزسیۆنی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی سێ ساڵی ڕابردوو و هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دانیشتووی جوغرافیای ئێران، وەک ڕەخنە لە بەکارهێنانی دەستەواژەی تەمامیەتی ئەرزیی ئێران کە دەرخەری لەژێردەستە هێشتنەوە و بەردەوامیی پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانە لە ئێراندا؛ هەروەها سەبارەت بە واژۆکردنی بەیاننامەی مووسەوی کە تاوانباری قەتڵی هەزاران ئێرانییە لەلایەن ڕووناکبیرانی ئێرانییەوە، ڕەخنە لە بڵاوکراوەی چەواشەکارانەی ڕووناکبیرانی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی دوازدە ڕۆژە و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی چۆنیەتیی بیرکردنەوەی خەڵک لەسەر ئامانجی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، هەروەها  باس لەسەر بەشداریی چالاکانەی نەسڵی جەوان و ڕەخنە لە ئوپوزیسیون کە نەیتوانی ڕێبەرایەتیی ئەو جووڵانەوەیە بگرێتە دەست و جووڵانەوەکە پاش سێ ساڵ ئێستاش بە بێ ڕێبەرایەتی ماوەتەوە.

دوکتور بەهرامی لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ئاماژەی بە هەشتا ساڵ خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دژ بە ڕێژیمی سەڵتەنەتی و کۆماری ئیسلامی و پێگەی حیزب لە ناو خەڵک و توانایی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستاندا کرد و لەم پێوەندییەدا ڕەخنەی لە بێدەسەڵاتیی باقی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی گرت.

شایانی باسە شانۆی شێوەی جێبەجێکردنی حوکمی ئیعدام لە کۆماری ئیسلامیدا کە لەلایەن گرووپێکەوە ئامادە کرابوو پێشکەش کرا و وێنەی هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە خۆپیشاندانەکەدا نمایش کران .