
ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤، بۆ ڕێزگرتن لە یادی و ناوی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی و هەروەها شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە سێهەمین ساڵوەگەڕیدا، وێبینارێک لە دوو پانێلی جیاوازدا لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی دانمارک و بە بەشداریی ڕێژەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزب، بەڕێوە چوو.
وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر لەلایەن کاک فاخر مەولوودی، ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان، بە کورتی بەڕێوەبەرانی هەر یەک لە پانێلەکانی وێبینارەکەی بە بەشداران ناسێندران.
لە پانێلی یەکەمدا کە تەرخان کرابوو بۆ یادی شەهیدانی میکۆنۆس، باسێکی تێروتەسەل لەسەر شەهیدان و ڕەوتی بەڕێوەچوونی دادگای میکۆنۆس لەلایەن خاتوو کەژاڵ حاجی عەباسی چالاکی سیاسی و هاوژینی شەهید ''فەتاح عەبدولی''یەوە پێشکەش کرا.
خاتوو کەژاڵ لە باسەکەیدا کەسایەتیی شەهیدان و بە تایبەتی شەهیدی ڕێبەر دوکتور شەرەفکەندیی بەرز نرخاند و لە ڕوانگەی نەتەوەیی و دەرونی وەک کۆستیکی گەورە و ئازاردەر باسی لەم تێرۆرە کرد.
ناوبراو هەروەها لە باسەکەیدا ئاوڕێکی لە ڕۆڵی میدیاکان لە سەرکەوتنی پێواژۆی دادگاکەدا کرد و بە گرینگی نرخاند.
لە پانێلی دووهەمی وێبینارکەدا دوکتور ئاوات ساروج بۆ یادی شەهیدانی شۆڕشی ژینا باسێکی پێشکەش کرد.
دوکتور ئاوات ساروج، لە باسەکەیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە یادی شەهیدانی میکۆنۆس، ئاماژەی بە ڕەهەندی جیاکەرەوەی شۆڕشی ژینا لە سەرهەڵدانەکانی ساڵانی پێشووتر لە ئێراندا کرد و بەشداریی بەرفراوانی هەموو چین و توێژەکان و بە تایبەتی ژنان و مامۆستایانی نیشتمانپەروەری ئایینیی وەکوو کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم جیاوازییە هێنایە بەر باس و وتی کە ئەم شۆڕشە دەریخست کە ئاستی وشیاری و ڕۆشنبیری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چەندە لە ناوچەکانی دیکە و بەتایبەتی ناوەندی ئێران بەرزترە.
دوایین بڕگەی وێبینارەکە تەرخان کرابوو بۆ ڕا و سەرنجی بەشداربووان کە بەپێی دەرفەت وڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.